یەك ملیار یۆرۆ لە پارەی ئێران ون دەبێت

:: PM:12:09:20/07/2019 ‌

20 كۆمپانیای ئێران كە لە بانكی ناوەندیی ئێران هەرزانتر لە بازاڕی ئازاد پارەیان وەرگرتووە بەو ئامانجەی كاڵا هاوردە بكەن، نە هیچ برە كاڵایەكیان هاوردە كردووە و نە پارەكەش دیارە.

نیوەی ئەو كۆمپانیایانەی پارەیان لە بانكی ناوەندی وەرگرتووە لە بواری هاوردەكردنی دەرماندا كار دەكەن. ئەو دۆلار یان یۆرۆیەی بانكی ناوەندی ئێران دەیدات بە هەندێك كۆمپانیای ناوخۆ بۆ ئەوەی دەرمان و پێداویستییە سەرەكییەكانی وڵاتی پێ بكڕن بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشرێت و لەگەڵ بازاڕی ئازاد سەرووی نیوەی نرخەكە جیاوازی هەیە.

رۆژنامەی شەرق دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیەی بڵاو كردووەتەوە و ئەمەش دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە مەحموود واعزی بەرپرسی نووسینگەی  سەرۆك كۆماری ئێران لە نامەیەكدا بۆ چوار وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، كشتوكاڵ، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تەندروستی داوای كرد، لێپێچینەوە لە دیارنەمانی ئەو پارەیە بكرێت.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانە" بڕی ئەو پارەیەی بۆ كڕینی دەرمان تەرخان كراوە، بریتییە لە 120 ملیۆن دۆلار و پێشتریش وەزیری تەندروستی باسی لە دیارنەمان و چارەنووسی ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار كردبوو.

تا ئێستە ناوی هیچ كام لەم كۆمپانیایانە ئاشكرا نەبووە . ئەگەر ئەم كۆمپانیایانە هیچ شتێكیان نەكڕیبێت و تەنیا لە ناوخۆ پارەكەیان ئاڵوگۆڕ كردبێت رێك هێندەی ئەو پارەیەی بۆ كڕینی دۆلار یان یۆرۆ تەخانیان كردووە، خێریان كردووە.



وشە - سلێمان تاشان