بارزان.. لە بەرامبەر بڕینەوەی 46 دار چوار هەزار و 600 دار دەچێنرێت

:: PM:01:40:20/07/2019 ‌
بەهۆی دروستكردنی پڕۆژەی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە بارزان و ئامادەكردنی شوێنێكی گونجاو بۆ پێشوازیكردن لە میوانان و زیارەتكارەكانی و كەسوكاری قوربانییەكان، 46 دار بەناچاری دێنە بڕینەوە و لە بەرانبەردا هەزاران دار دەچێنرێنەوە .

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، رێبوار بارزانی بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوەكانی بارزان بە " وشە "ی راگەیاند، كارەكانی دروستكردنی مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوانی بارزان لە قۆناغی كۆتاییدایە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە شوێنی رێوڕەسمی یادكردنەوەی ساڵانە بە شێوەی جێگیر لە نێوان گۆڕستان و مۆنۆمێنتەكە دروست دەكرێت  كە خۆی لە ستەیج و سەكۆ و  شوێنی دانیشتن و كەپر بە شێوەیەكی سەردەمییانە دەبینێتەوە، لەو زەوییەی كە پڕۆژەكەی لێ جێبەجێ دەكرێت، 46 داری سروشتی جۆری "بەڕوو" شوێنی كاركردنیان گرتووە و  لە ژێر چاودێری لیژنەیەكی پێوەندیدار بە ناچاری دەبێت دارەكان ببڕینەوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەم كارە نەخوازراوە لەسەر بڕیاری "مەلا مستەفا مەسعوود بارزانی" لە بەرانبەر هەڵگرتنی هەر دارێك 100 داری تر لە جۆری "توو" دەچێنرێنەوە كە سەرجەمیان دەبنە چوار هەزار و 600 دار .

زیاتر روونی دەكاتەوە، دەڤەری بارزان لەڕووی ژینگەپارێزی لەگەڵ هەموو ناوچەكانی كوردستان جیاوازە و نموونەیەكە لە جوانی و دەڤەرێكە لە ئاستی كوردستان گرنگی زۆر بە پاراستنی ژینگە دەدات، پڕۆژەی دروستكردنی مۆنۆمێنتەكە بەهۆی رێگری ئەو دارانە راگیرابوو، بەڵام دواجار بە چاندنەوەی سەد بەرامبەری دارەكان هەزاران داری توو كە هەم گەلا و هەم بەرەكەش سوودی بۆ مرۆڤ و گیاندارانیش هەیە لە شوێنی دەچێنرێتەوە . 

ساڵی 2011  پڕۆژەی مۆنۆمینتی بارزانییە جینۆسایدكراوەكان دست پێ كرا و بەمەبەستی ناساندنی ئەنفال و جینۆساید و قوربانیدانی دەڤەری بارزان بۆ پاراستن و نیشاندانی كەلوپەل و كەرەستە و بەڵگە و دیكۆمێنتەكان كە گوزارشت لەو كارەساتە دەكات دروست دەكرێت، ئێستە باڵەخانەكە كۆتایی هاتووە و هەندێ وردەكاری ماوە .

مێرگەسۆر/ موڕشید برادۆستی


وشە - هیدایه‌ت جان