مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەو حزبەدا ناكات و لە هیچ لیژنەیەكی گفتوگۆی ئەو حزبەیشدا نەبووە، ئەمڕۆ دەیەوێ پڕۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی ڕابگەیەنێت.
میدیای فەرمی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە كە بڕیارە سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە ناوەندی رۆشنگەری چاودێر لە شاری سلێمانی، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پڕۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بخاتە ڕوو.
میدیای ئەو حزبە هیچ ئاماژەیەكی بە ناوەڕۆكی پڕۆژەكە نەداوە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی زانیاریان دەست نەكەوتووە، بەڵام "وشە" لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیارەوە زانیاری ئەوەی پێ دراوە كە پڕۆژەكەی بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانە و خاڵی یەكەمیشی ئەوەیە دەبێت كۆنگرە ببەسترێ.
هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كە رێكخستنەوەی پەیكەرەی حزب و شێوازی كاری رێكخستن و سەركردایەتی و رابەرایەتی یەكێتی و شێوازی سیاسەت و ستراتیجی حزبەكەی ڕوون كردووەتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ مەلا بەختیار ڕای دەگەیەنێت یەكەم جار نییە، بەڵكو پێشتریش چەندان پڕۆژەی لەو جۆرە لەناو حزبە پێشكەش كراون، بەڵام جێبەجێ نەكراون و دواتر ئینشیقاق ڕووی داوە هاوشێوەی ئەوەی پێشتر نەوشیروان مستەفا و دواتریش بەرهەم ساڵح و چەندان سەركردەی تر پڕۆژەیان دا و جێبەجێ نەكرا.