بۆردمان و نائارامییەكانی سیدەكان كێشەی بۆ هەنگەوانان دروست كردووە

:: PM:02:10:20/07/2019 ‌
لە گوند و كوێستانەكانی سنووری سیدەكان هەزاران كوورەی هەنگ بەخێو دەكرێت و هەنگەوانان نائارامی ناوچەكەیان بەهۆی ململانێكانی نێوان توركیا و پەكەكە بە كێشەی سەرەكی لە بەردەم كاركردنیان دەزانن.

ناوچەكانی خواكوڕك، سەقەر، خنێرە، لۆلان، بەربزێن و مێرگەمیر، شوێنی بەرهەمهێنانی ئەم هەنگوینەن، بێ دانانی شەب و شەكراو بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئەمساڵ تۆپ و فڕۆكەكانی توركیا و ئێران رێگر بوون‌ لە بەرهەمی زۆر.

سلێمان عەبدوڵا یەكێك لە هەنگەوانانی دەڤەری سیدەكانە و بۆ "وشە"دەڵێ، كاری هەنگەوانی وەك زۆربەی كارەكانی تر لە سنووری سیدەكان بەهۆی نائارامی و بۆردمان و تۆپبارانەكان ئەستەم بووە و ناتوانین بە ئازادای كاری خۆمان بكەین، ساڵانی پێشتر زیاتر لە 80 كوورەی هەنگم هەبوون و لە كوێستانەكان بەخێوكردنیان ئاسان بوو، ئێستە 30 هەنگم هەیە و بەنیازی فرۆشتنیانم چونكە كوێستانەكان سەلامەت نین و لە گەرمیانیش هەنگ دەمرێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، رێژەیەكی زۆری خەڵك ژیان و گوزەرانی لەسەر بەخێوكردنی هەنگ و بەرهەمەكەیەتی و هەلی كار بۆ سەدان هاووڵاتی لە دەڤەرەكەمان دروست بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕ و پێكدادانە رێگرە لە كاركردنمان، ئێستە بەهۆی هاتنی سوپای توركیا چەندان كوێستانمان لێ قەدەغە بووە، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین هەموو هەوڵێك بدات بۆ بەرقەراربوونی تەناهی لە ناوچە سنوورییەكان .

كەمال سلێمان هاووڵاتییەكی ترە و كاری بەخێوكردنی هەنگ دەكات، وەك بۆ "وشە"ی باس دەكات، لە مانگی حوزەیرانەوە هەنگەكان دەبەینە كوێستانەكان و ساڵانە تا وەرزی پایز نایانهێنینەوە، بەڵام ئەمساڵ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و تۆپبارانی ئێران دەرفەتیان نەدا بمێنینەوە،‌ بۆیە بەرهەمەكەمان لەڕووی زۆرییەوە وەك پێویست نییە، چونكە لەوەڕگەكان سووتێنران.

بەپێی ئەو ئامارەی دەست " وشە " كەوتووە، ساڵی 2018 كۆی بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستان نزیك 100 تۆن بووە و ساڵانی پێشتر رێژەكە زۆر زیاتر بووە.

شوان عەزیز بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان لە بارەی بەخێو كردنی هەنگ بە " وشە "ی راگەیاند، لە سنووری سیدەكان نزیكەی 500 هەنگەوانی خۆجێی و دەرەوەمان هەیە رۆژانە لە كوێستان و گوند و شوێنە تایبەتەكانیان سەرقاڵی بەخێوكردنی نزیكەی 10 هەزار كوورەی هەنگن لە جۆری سندووق و "خەلێف".

لە دەڤەری سۆران جیا لە سیدەكان، هاوكات لە ناوچەی باڵەكایەتی و سنووری مێرگەسۆریش رێژەیەكی زۆری هاووڵاتی كاری هەنگەوانی دەكەن.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی


وشە - هیدایه‌ت جان