ژینگەپارێزانی پێنجوێن هەڵمەتێكیان راگەیاند

:: PM:03:39:20/07/2019 ‌

بەمەبەستی هاندان و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری ژینگەیی، ژمارەیەك لە ژینگەپارێزان، هەڵمەتێكی پاككردنەوەی سەیرانگای گۆڵێیان لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن پاك كردەوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، رێبوار كەمال سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی هەینی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی لە شار و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و عێراقەوە سەردانی سەیرانگای گۆڵێیان كرد، بە پێویستمان زانی هەڵمەتێكی پاككردنەوە و بڵاوكردنەوەی پۆستەر و رێنمایی و هۆشیاری ژینگەیی ئەنجام بدەین.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئامانجێكی سەرەكی كارەكەمان بریتی بوو لە گەیاندنی وشیاری و هاوكاریكردنی ژینگەپارێزان لە كۆمپانیای گارێكس و توانیمان سەرجەم شوێنەكانی سەیرانگاكە لە تەواوی پاشماوەی گەشتیاران پاك بكەینەوە.

"بەشێكی تری هەڵمەتەكەمان بریتی بوو لە گەیاندنی ڕێنوێنیی بە گەشتیاران و بە پاكەوانەكانمان گوت، ئاشناین بە كێشە و گرفتەكانتان و ئاگادارین لە لایەن هاووڵاتییانەوە هاوكاری ناكرێن و بە كردار پێمان خۆشە هاوكارتان بین تا ڕێز لە خۆیان و كارەكەیان بگرین". رێبوار كەمال وای گوت

شارۆكەی پێنجوێن بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنەكەیەوە، خاوەنی كەشوهەوا و ژینگەیەكی جوان و گونجاوە، رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە، وەك تاكە رێكخراوی ژینگەیی ناوچەكە ساڵانێكی زۆرە خۆبەخشانە خزمەتی ژینگەی ئەو ناوچەیە دەكات.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی


وشە - هیدایه‌ت جان