بەتۆمەتی دزینی زانیاری نهێنی CIA دادگا بڕیاری نۆ ساڵ گرتنی لەسەر فەرمانبەرێك سەپاند

:: PM:03:44:20/07/2019 ‌
وەزارەتی دادی ئەمەریكی، بڕیاری گرتن بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەسەر هارولد مارتن دەردەكات بە تۆمەتی دزینی نهێنییەكانی CIA و FBI. بەرپرسانیش دەڵێن، ئەوە گەورەترین دزی زانیارییە لە دەزگای  هەواڵگری ئەمەریكی كرابێت، لەكاتی گرتنیدا 50 تێرابایت زانیاری لە ماڵەكەی دەستی بەسەر گیراوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، ریچار بینیت دادوەر لە دادگای ئەمەریك لە بالتیمور لە ویلایەتی ماریلاند، بڕیاری نۆ ساڵ گرتنی بەسەر هارولد مارتن سەپاند بە تۆمەتی دزینی زانیاری هەواڵگری، دوای ئەوەی لە 2016 تا ئێستە لە ژێر چاودێری بوو.

هارولد مارتن (54 ساڵان) لە ساڵی 1996 تا ساڵی 2014، رۆژانە هەرچی دیوە لە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی و سەركردایەتی ئەلیكترۆنی ئەمەریكی و نووسینگەی گەڕان و پشكنینی نیشتمانی، لای خۆی تۆماری كردوون، تەنانەت زایارییەكانی هەواڵگری پێوەند بە ئینتەرنێتیشی تێدا بووە، تەنانەت لە لیستی تۆمەتەكانی دژ بە هارولد، ئاماژە بەوە كراوە كە دۆسیەیەكی تایبەتی ساڵی 2007 كردووەتەوە و رۆژانە زانیارییەكانی تێدا تۆمار كردووە.

جۆن دیمرز یاریدەدەری داواكاری گشتی دەڵێ، گەلی ئەمەریكا متمانەیان بە هارولد كردووە، كەچی ئەو رێزی لەو متمانە نەگرتووە و ئاسایشی نیشتمانی ئێمەی خستووەتە مەترسییەوە، زیاتر گوتی "كردەوەكانی مارتن زانیاری زۆر نهێنی ئەمەریكای بۆ نەیارانی ئاشكرا كردووە، تەنانەت ئەوەشی لەسەر ئاشكرا بووە لەسەر ئینتەرنێت بە زمانی رووسی قسەی لەگەڵ كەسانێك كردووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئەوە بسەلمێنرێت كە زانیارییەكانی بە كەسێك دابێت".

مارتن لە ساڵانی 1993 تا 2016 لەگەڵ حەوت كۆمپانیا كاری كردووە و پاشان وەك كەسێكی خانەنشین بوو لەگەڵ زۆر لە ئاژانسەكانی حكوومەت كاری كردووە، دوای كۆمپانیاش كە كاری تێدا كردووە كاتێك گیراوە، كۆمپانیای بوز ئالین هامیلتۆن بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان كاتێك نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی FBI، مارتن لە ماڵەكەیدا دەگرن، دەستبەسەر 50 تێرابایت زانیاری دەگرن كە مارتن هەڵیگرتوون.


وشە - فه‌رمان سادق