سێ بەرپرسی تری عێراقی لە لیستی سزاكەی ئەمەریكا هەن

:: PM:04:41:20/07/2019 ‌
دوای سزادانی چوار بەرپرسی عێراقی لەلایەن ئەمەریكاوە، پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات سزاكان دژ بە حەوت بەرپرس دەرچووە نەك چوار. پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێ، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان قسە لەسەر ئەو پرسە كراوە. 

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، ئەحمەد جبووری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای مووسڵ لە تویتەری تایبەتی خۆی رای گەیاند، سزاكانی ئەمدواییەی ئەمەریكا بۆ سەر بەرپرسانی عێراقی تەنیا دژ بە چوار بەرپرس دەرنەچووە، بەڵكو لیستەكە ناوی حەوت بەرپرسی تێدایە. ئەوەشی خستەڕوو، لە دوا سەفەری بۆ ئەمەریكا، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لەكاتی گەڕانەوەی بۆ عێراق لە مانگی ئاداری رابردوو، بە ئەندامانی پەرلەمانی راگەیاند، سزاكەی وەزارەتی دارایی ئەمەریكا دژ بە حەوت بەرپرسی عێراقییە كە هەموویان سوننەن و بەرپرسی حەشدی سوننەشی تێدایە.

ئاماژەدان بە بوونی حەوت كەس لە لیستی سزایەكە، لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی ئەمەریكا، هەریەكە لە نەوفل عاكوب پارێزگاری پێشتری مووسڵ، رەیان كلدانی سەركردەی حەشدی بابلیونی مەسیحییەكان كە بەشێكە لە حەشدی شەعبی، وەعد قەدۆ سەركردەی حەشدی شەبەك و ئەحمەد جبووری پارێزگاری پێشتری سەڵاحەدین كە بە (ئەبو مازن) ناسراوە، خستە لیستی سزاكانی. 

شێروان دووپردانی پەرلەمانتاری مووسڵ بۆ "وشە" دووپات لەوە دەكاتەوە، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، ئەو پرسە لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان قسەی لەسەر كراوە، گوتی "دەگوترێت حەوت بەرپرسە، تەنانەت باس لەوە دەكەن بەرپرسی كوردیشی تێدایە بەڵام بە فەرمی ئێمە هیچمان لە سەرۆكی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە نەبیستووە و لە دانیشتنی پەرلەمانیش باس نەكراوە، مەگەر لە دانیشتنێكی تایبەت سەرۆكی پەرلەمان بە هەندێك لە ئەندامانی پەرلەمانی گوتبێت".


وشە - فه‌رمان سادق