بەراوردێك لە نێوان "ئێف-35"ی ئەمەریكی و "سووخۆی-35"ی رووسی

:: PM:05:17:20/07/2019 ‌

چوارشەمی رابردوو ئەمەریكا بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی توركیای لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی "ئێف-35"ی ئەمەریكایی دا، بڕیارەكەش بەهۆی سووربوونی توركیا و جێبەجیبَكردنی گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی "ئێس-400"ی رووسی هات.

ماڵپەڕی "پۆلیتیكیۆ"، لەبارەی سزاكەوە ئاماژەی كرد، ئەو سزایەی ئەمەریكا سەرەتایە و بە پێی یاسای "كاتسا"، كە لە 2017 دەركراوە، سەرۆكی ئەمەریكا دەتوانێت پێنج سزا لە كۆی 12 سزا بەسەر توركیا بسەپێنێت لە قەدەغەی فرۆشتنی كەرەستەی تەكنۆلۆجی پێشكەوتوو و سزای دارایی و بەرگری و قەدەغەی سەردانیكردنی ئەمەریكای بەرپرسانی توركیا.

لەو كاتەی پنتاگۆن رای گەیاند كە ئەی توركیا لەو كارەی زەرەر دەكات دەگاتە نۆ ملیار دۆلار، ئەنكەرە لەوە دەترسێت كە سزاكانی ئەمەریكا ببێتە هۆی داڕمانی زیاتری بەهای لیرەی توركی كە راستەوخۆ دوای وەرگرتنی توركیا بۆ سیستەمە رووسییەكە، 2%ی بەهاكەی لەدەست دا.

دوای بڕیارەكەی چوارشەمێ ئەمەریكا كە بە فەرمی توركیای لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35"ی پێشكەوتووی ئەمەریكا دوورخستەوە، رۆژی پێنجشەم رووسیا رای گەیاند كە ئامادەیە فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتووی رووسی لە جۆری "سووخۆی-35" بفرۆشێتە توركیا.

دوای ئەوەی لە 12ی ئەم مانگە پارچەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی "ئێس-400"ی پێشكەوتووی رووسی گەیشتە توركیا، سەرەڕای هەڕەشەكانی ئەمەریكا، دوێنێ ئەمەریكا بە فەرمی دوورخستنەوەی لە پڕۆگرامی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35" دوورخستەوە.

سێرجی شیمزۆڤ، سەرۆكی كۆمپانیای رۆستكی رووسی پێنجشەمی رابردوو بە ئاژانسی "ئینتەرفاكس"ی راگەیاند، رووسیا ئامادەیە فڕۆكەی جەنگی لە جۆری "Su-35"ی رووسی بفرۆشێتە توركیا ئەگەر ئەنكەرە خواستی لەسەر هەبێت.

دوای بڕیاری توركیا بۆ كڕینی سیستەمە موشەكییە پێشكەوتووەكەی رووسیا و دوورخستنەوەی لەلایەن ئەمەریكاوە لە پڕۆگرامی "ئێف-35"، چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چەند سزایەكی نوێ بەسەر توركیا بسەپێنێت، لەو كاتەی رووسیا خەریكە دوا پارچەكانی سیستەمی مووشەكی بەرگری ئاسمانی "ئێس-400" رادەستی توركیا دەكات كە بەهاكەی دەگاتە 2.5 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی. 

كۆمپانیای رۆستكی پیشەسازی بەرگری سەربازی حكوومەتی رووسی ئامادەیی خۆی پێشان داوە كە فڕۆكەی جەنگی "سووخۆی-35"، بفرۆشێتە رووسیا لە شوێنی "ئێف-35"ی ئەمەریكایی، كە بە فڕۆكەی تارمایی دەناسرێت و پێشكەوتووترین فڕۆكەی سەربازی ئەمەریكا و جیهانە و هەموو وڵاتانی دنیا نیانە. 

بەم دواییە قسەوباس لەبارەی فڕۆكە جەنگییەكەی ئەمەریكا ناسراو بە "تارمایی" و رووسییەكەی ناسراو بە "سوارچاكی زریپۆش"، و بەراورد و جیاوازییەكانی نێوانیان دەكرێت، بەتایەبتی هەردووكیان ترووپكی پەرەسەندنی تەكنۆلۆجیای سەربازین لەو دوو وڵاتەی پێشەنگ لە پیشەسازی سەربازیدا كە سەرچاوەی چەكی زۆرینەی جیهانن.

لە خوارەوە گرنگترین تایبەتمەندی ئەو دوو جۆرە فڕۆكەیەن و جیاوازییەكانیانە:

یەكەم/ "سووخۆی-35"ی رووسی:
-لە دروستكراوی كۆمپانیای سووخۆی رووسیایە و خاوەنی یەك كورسی فڕۆكەوانی و دوو بزوێنەرە.
-لە 2015 كەوتووەتە بەكارخستنی سەربازی و لە سەرەتای ئەو ساڵەدا درایە دەست سوپای رووسیا.
-لە نەوەی "++4"ە و بۆ چەندان مەبەستی جەنگی بەكار دەهێنرێت.
-بە تەكنۆلۆجیای نەوەی پێنجەم كار دەكات و بەوەش بەپێش زۆرێك لە فڕۆكە جەنگییەكانی ركابەر دەكەوێتەوە.
-توانای پاڵنانی بزوێنەرەكەی دەگاتە 14.5 تۆن و بە تەكنیكی دەرچەی ئاراستەوكراوەوە كار دەكات و لەكاتی هەڵفڕینی كێشەكەی 34.500 كیلۆگرامە.
-خێراییەكەی دەگاتە 2778 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.
-لە دووری 400 كیلۆمەتر دەتوانێت 12 خاڵی ئامانج بۆخۆی دیاری بكات.
-توانای هەڵگرتنی مووشەكی ئاسمان-ئاسمان و ئاسمان-زەوی هەیە و 12 ئەمباری هەڵگرتنی مووشەكی هەیە و دەتوانرێت بۆ 14 ئەمبار زیاد بكرێت.
-توانای چاودێریكردنی 60 ئامانجی لە یەككاتدا هەیە.
-دەتوانرێت جۆری جیاوازی مووشەكی ئاراستەكراو و نائاراستەكراوی لێ ببەسترێت.
-توانای هەڵگرتنی هەشت تۆن تەقەمەنی هەیە.
-توانای خۆشاردنەوەی لە شاشەی رادارەكان هەیە و دەتوانێت بە نەبینراوییەوە بچێتە ناو جەنگەكانەوە. 
-توانایەكی زۆری مامەڵەكردنی لەگەڵ ئامانجەكانی هەیە و دەتوانێت بێ ئەوەی بچێتە ناو ناوچەی دوژمن ئامانجەكانی بپێكێت.
-تانكەری یەدەگی سووتەمەنی هەیە و دەشتوانێت لە ئاسمانەوە سووتەمەنی وەربگرێت.
*نرخی هەر فڕۆكەیەك دەگاتە 100 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی. 

هەرچی "ئێف-35"ی ئەمەریكاییە:
-لەلایەن كۆمپانیای "لوكهید مارتن"ی ئەمەریكایی پەرەی پێ دەدرێت.
لە فڕۆكە جەنگییەكانی نەوەی پێنجەمە كە پێشەوتووترینە لەسەر ئاستی دنیا.
-خاوەنی یەك كورسی فڕكەوانییە.
-تایبەتمەندییەكانی توانای بەرزی دزەكردن و خێرایی فڕۆكە شەڕكەرەكان و سووكی لە جووڵانەوە كۆ دكاتەوە.
-بە تەكنیكی تۆڕی هەستیاری لە دوورەوە توانای كۆكردنەوەی زانیارییەكانی هەیە.
-توانای هەڵفڕین و نیشتنەوەی ستوونی هەیە و پێویست بە بوونی رێڕەوی فڕین لە فڕۆكەخانە ناكات.
-ناوەندی خێراییەكەی دەگاتە 1975 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.
-كۆمەڵێك ئامێری هەستیاری تەواو و تۆكمەی لێ بەستراوە.
-توانایەكی راداری پێشكەوتووی هەیە و دەتوانێت زوو فڕۆكەی دوژمن ئاشكرا بكات.
-توانای زیاتری هەیە بۆ تەشویش خستنە سەر رادارەكانی دوژمن لە دوورییەكی زۆرەوە.
-توانای خۆشاردنەوەی لە رادارەكان هەیە.
-بەهۆی بوونی مووشەكی ئاراستەوكراو، توانای لێدانی ئامانجەكانی زەوینی هەیە بێ ئەوەی ناچاری نزیكبوونەوە لێیانی هەبێت.
-توانای ئەنجامدانی چەند ئەركێكی شەڕوانی و بۆدمانی و ئەنجامدانی هێرشی ئەلیكترۆنی و هەواڵگری و چاودێری و زانیاری كۆكردنەوەی هەیە.
-توانای خۆلادانی لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە وەك مووشەكی "ئێس-300" و "ئێس-400"ی رووسی. 
-تانكەری سووتەمەنی 18 هەزار لیتر بەنزین دەگرێت.
-تێچووی دروستكردنی فڕۆكەیەكی لەو جۆرە دەگاتە 148 ملیۆن دۆلار و بۆ جۆری "ئێف-35 سی"، دەگاتە 337 ملیۆن دۆلار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل