لەسەر ئەو ناڕەزاییانەی لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵان دروست بووە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی 12 بەرپرسی پێوەندیدار بەو بابەتەوە بانگێشت دەكەن.
ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، محەمەد ڕەسووڵ سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی نیگەرانی لای هاووڵاتییان لەسەر پێوەری ئاوی ماڵان دروست بووە، بۆیە بڕیار دراوە كە ژمارەیەك بەرپرسی پێوەندیدار بانگێشتی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانییەكان بكرێن و ئەو پرسە بە وردی تاوتوێ بكرێ.
زیاتر گوتی، ڕۆژی دووشەم كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدرێت و ئەو بەرێوەبەرانی بانگێشت كراون بریتین لە (بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، قایممقایمی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ئاوی گەرمیان، بەڕێوەبەری ئاوی دەروبەری سلێمانی، بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ئاوی ڕاپەڕین، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵازێ، بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ئاوی كەلار و بەڕێوەبەری ئاوی سەیدسادق).
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن داوایشی لە هاووڵاتییان كردووە كە ئەگەر ناڕەزایی یان بەڵگەیەكی دروست هەیە لەسەر پێوەری ئاوی ماڵان بەدەستی بگەینن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسانەی بكاتەوە.
پێوەری ئاوی ماڵان ماوەی چەند مانگێكە سیستەمەكەی جێبەجێ دەكرێ، بەڵام ناڕەزایی زۆری لای هاووڵاتییان لێ كەوتووەتەوە، چونكە ماڵ هەیە لەماوەی دوو مانگ زیاتر لە پێنج ملیۆن پسوولەی ئاوی بۆ گەڕاوەتەوە.