ئەمەریكا لیستی بەرپرسە گەندەڵەكانی ئێران بڵاودەكاتەوە

:: PM:06:17:20/07/2019 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راپۆرتێكیدا تیشك دەخاتەسەر بەرپرسانی گەندەڵی حكوومەتی ئێران، ئەمەیش لە كاتێكدایە بەپێی پۆڵینی ساڵانەی وڵاتانی گەندەڵ، ئێران لە ریزبەندی 138ـەمین وڵات دێت لە كۆی 180 وڵات.

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، وەزارەتی دارایی ئەمەریكا راپۆرتێكی لەسەر بەرپرسانی گەندەڵی ئێرانی بڵاوكردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەكەش بێت ئەوا وەزیرێكی كابینەی پێشتری حكوومەت و بازرگانێكی ئەو وڵاتە، بەرپرسن لە دزینی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی لەلایەن تیمی پەیوەندییەكانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بەشێكی لە "تویتەر" بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بە ناوی مەهدی غەسنفری وەزیری پێشتری پیشەسازی ئێران دەدات كە ساڵی 2011 تا 2013 ئەو پۆستەی بەدەست بووە.

لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەم ماوە كەمەی وەزیری پیشەسازی بوو، مەهدی غەسنفری زیانێكی گەورەی لە ئابووری ئێران داوە، بە جۆرێك یارمەتی باباك زنجانی بازرگانی ئێرانی داوە لە دزینی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە وەزارەتی نەوت، لە رێگەی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەی بەرێگەی نا یاسایی.

باباك، ساڵی 2016 لەسەر پرسی گەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانی هاتە گرتن و بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچووە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەكە هێشتا ئەو بازرگانە ملیاردێرە سزاكەی لەسەر جێبەجێ نەكراوە.

ئاشكرابوونی گەندەڵییەكی تری بەرپرسێكی باڵای ئێرانی لە كاتێكدایە ماوەیەك پێش ئێستە لە راپۆرتێكی تردا، پەردە لەسەر سپی كردنەوەی 38 ملیار دۆلار هەڵدرایەوە كە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانی تێوەگلا بوون.

بەگوێرەی ریزبەندی پۆلینی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، ئێران لە كۆی 180 وڵاتی دنیادا كە لەلایەن رێكخراوەكە لەسەر چەندان بنەمای تایبەت، ریزبەندییەكە رێكدەخرێت، لە پلەی 138ـەمین دایە.


وشە - فه‌رمان سادق