سەرچاوە تەناهییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لە ماوەی تەنیا 48 سعاتدا لە شاری بەسڕە پێنج كەش كوژراون، بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە بەسڕە دووپاتی دەكاتەوە كە ئاستی تاوان لە هەڵكشانە و هۆكارەكانی روون دەكاتەوە.
سەرچاوە تەناهییەكان لە بەسڕە ئاماژە بۆ كوژرانی سێ كەس دەكەن كە لە ناوچەی حەیانییە لە ناوەڕاستی شاری بەسڕە لەناو فڕنییەكدا كوژراون، لەوكاتەی كەسێكی تر لە هەمان ناوچە لەكاتی سواربوونی ئۆتۆمبێلەكەی و یەكێكی تریش لە ناوچەی توێسە بە چەقۆ كوژراوە.
مەهدی تمیمی، بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە بەسڕە بۆ "وشە" دەڵێت، ئەوانە تاوانی كەتنن و پێوەندیان بە دزی و شتی ترەوە هەیە، واتە رێكخراو نین، ئێمە مانگانە بەدواداچوونمان بۆ هەموو حاڵەتەكان هەیە و دووپاتی دەكەینەوە كە تاوانكاری لە هەڵكشاندایە كە پێویستی بە بەدواداچوونی لایەنی پێوەندیدار لە پۆلیس و هەواڵگری هەیە كە بوونی پۆلیسی فریاكەوتن لە شەقامەكان وەك پێویست نییە.
زیاتر گوتی، تاوانەكان لە سەرەدەمی جەنگدا زیاتر دەبن و دۆخی خراپیی ئابووری و نەبوونی چاودێری و نەبوونی ستراتیجیەتی حكوومەت بۆ شوێنكردنەوەی گەنجان و سەرقاڵكردنیان و دۆزینەوەی كار بۆیان، جیا لە بوونی چەك و ئاسانی دەستكەوتنی، هەموو ئەوانە هۆكاری تاوانە جۆراوجۆرەكانن وەك كوشتن و خۆكوشتن.