واشنتن: رێگە بە ئێران نادەین هاتوچۆی دەریاوانی لە كەنداوە بوەستێنێت

:: PM:10:24:20/07/2019 ‌

یاریدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی رێگە بە ئێران نادات بە داخستنی رێگەی هاتوچۆی دەریاوانی نێودەوڵەتی لە كەنداو.

بەپێی هەواڵێكی كەناڵی ئاسمانی "عەرەبییە"ی سعوودی ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا زیاتر گوتی، ئێستە ئەمەریكا سەرقاڵی داڕشتنی میكانیزمێكی نێودەوڵەتییە بۆ مسۆگەری پاراستنی هاتوچۆی دەریاوانی لە ئاوی كەنداو و دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی نیگەرانە لە خراپ هەڵسەنگاندنەكانی ئێران و مەترسییەكانی لە كەنداو.

لای خۆیەوە هێزی دەریاوانی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئێران هەڕەشە بۆ سەر هاتوچۆی دەریاوانی ئەمەریكی و نێودەوڵەتی لە ناوچەی كەنداو و گەرووی هورمز و دەریای عومان و دەریای عەرەب و دەریای سوور دروست دەكات و هێزەكانی ئێران دەستیان بەسەر دوو كەشتی گرتووە كە ئاڵای بەریتانیا و لایبیریایان هەڵكردووە.

هێزی دەریاوانی ئەمەریكا داوای لە كەشتییەكانی نێودەوڵەتی كرد كە وریای خۆیان بن لەكاتی پەڕینەوەی گەرووی هورمز لە سایەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە.

ئەمڕۆ شەموو فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد كە دەست بە هەڵمەتی "پاسەوان" دەكەن، بۆ زیادكردنی چاودێری ڕێڕەوە ئاوییەكان و توندوتكردنی ڕێوشوێنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی گرەنتی هاتوچۆی كەشتییەكان بە ئازادی و سەلامەتی بكرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل