بەرپرسێكی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، شەوی ڕابردوو لە شارۆكەی قەڵادزێ سێ برا بە چەقۆ بریندار كران و بۆ چارەسەری پێویست یەكێكییان بۆ سلێمانی نێردرا.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تەمووز، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو نزیك سەعات 11 لە گەڕەكی شەهیدان سێ كەس بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە لە لایەن كەسێكەوە بەچەقۆ هێرشیان كراوەتەسەر.
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، پاش چارەسەری سەرەتایی یەكێك لە بریندارەكان بە هۆی سەختی برینەكەیەوە بەڕێكرا بۆ سلێمانی كە شوێنەواری سێ چەقۆ بەجەستەیەوە هەیە و هەرسێ بریندارەكەش بران.
ڕوونی كردەوە، ئێستە هۆكاری ڕووداوەكە نادیارە و دوای ڕووداوەكەش دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 413 فەرمانی گرتن بۆ هێرشبەرەكە دەرچووە، مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.
ئەو ڕووداوە لە كاتێكە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان چەندینجار هۆشدارییان داوە لە زۆربوونی ڕووداوەكان بەهۆی بوونی چەك و چەقۆ لە دەست هاووڵاتیان بەشێوەی نایاسایی.