بەهۆی تەقینەوە باوكێك و دوو كوڕ بوونە قوربانی

:: AM:11:35:21/07/2019 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی شێخ باوەی لە نێوان شارۆكەی كەلار و شارەدێی گوڵاڵە، تەقینەوەیەك رووی دا و بەهۆیەوە باوكێك و دوو كوڕ بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، مەحموود دەلۆ كارگێڕی لیژنەی ناوچەی جەلەولای پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی شێخ باوە كە ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، تەقینەوەیەك رووی دا و بەو هۆیەوە برای موختاری ناوچەكە كە ناوی حەمید ساڵحە گیانی لەدەست دا و منداڵیشی بریندار بوون.

زیاتر روونی دەكاتەوە، داعش ماوەیەكە لە ناوچەكە خۆی رێكخستووەتەوە و بۆمب لە زەوی جووتیاران دەچێنێ، بە گوتەی پۆلیسیش داعش لە پشتی كردەوە تیرۆریستییەكانی ناوچەكەوەیە.

"ئەو قوربانییانە باوك و دوو كوڕ بوون كە لە كێڵگەكەیان سەرقاڵی كشتوكاڵ بوون و بۆمبەكە لەناو زەوییەكەیان دانراوەتەوە و بەهۆیەوە باوكەكە گیانی لەدەست داوە و دوو كوڕەكەیش بریندار بوون" مەحموود دەلۆ وای گوت.

هاوكات عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە پشتڕاستی هەواڵەكەی كردەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، زەوییەكە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بۆمبڕێژ كراوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی

 



وشە - هیدایه‌ت جان