گوژمه‌كه‌ی شه‌ش ملیۆن دۆلاره و ده‌بێ له ماوه‌ی چوار ساڵدا جێبه‌جێ بكرێت
له هه‌ڵه‌بجه عه‌لوه‌یه‌كی گه‌وره و مۆدێرن به‌گوژمه‌ی شه‌ش ملیۆن دۆلار دروست ده‌كرێت كه توانای هه‌ڵگرتنی میوه و خوارده‌مه‌نی و ساردخانه‌ی تایبه‌تی هه‌یه.
كاوه عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه بۆ كاروباری ته‌كنیكی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پڕۆژه‌ی عه‌لوه‌ی هه‌ڵه‌بجه، به قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی شه‌ش ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان مۆڵه‌تی پێ دراوه. ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم به فه‌رمانی ژماره 2581 له 27/6/2019، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 15 دۆنم ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه به دروستكردنی عه‌لوه‌یه‌كی هاوچه‌رخ و مۆدێرن كه توانای هه‌ڵگرتنی بڕێكی زۆری میوه و خۆراك هه‌یه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ئه‌و به‌رپرسه خستیه ڕوو، عه‌لوه‌كه زۆر گه‌وره‌یه و 10 گه‌نجینه‌ی تایبه‌تی ساردخانه‌ی تێدایه بۆ پاراستنی خوارده‌مه‌نی و هه‌ڵگرتنی میوه و به‌رهه‌مه‌كان، هه‌روه‌ها چه‌ند نووسینگه‌یه‌كی حكوومی تێدا ده‌بێت بۆ راییكردنی كاره‌كان، چه‌ندان شوێنی تری تێدایه وه‌ك كافتریا و چێشتخانه و مزگه‌وت و گه‌راجێكی تایبه‌ت به ئۆتۆمبێلی بچووك و گه‌راجێكی تایبه‌ت به ئۆتۆمبێلی گه‌وره.
پڕۆژه‌ی عه‌لوه‌كه "كۆمپانیای ئهركاد" وه‌ریگرتووه و له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی دروستی ده‌كات، ماوه‌ی 60 ڕۆژ مۆڵه‌تی پێ دراوه تا ده‌ست ده‌كات به پڕۆژه‌كه بكات، به‌و پێیه ده‌بێت تـا 20ی ئاب كۆمپانیاكه ده‌ستبه‌كار بێت.
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه دووپاتی كرده‌وه، ئه‌و زه‌وییه‌ی بۆ عه‌لوه‌كه ده‌ستنیشان كراوه، له‌لایه‌ن شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌وه بووه كه ڕووبه‌ره‌كه‌ی 15 دۆنم و چه‌ند ئۆلكێكه، ده‌كه‌وێته ته‌نیشت ناوچه‌ی پیشه‌سازیی هه‌ڵه‌بجه و نزیكی یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵه‌بجه.
ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه چوار ساڵ ده‌خایه‌نێت، قۆناغ به قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك پاش قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كان، كۆمپانیاكه سوود له پڕۆژه‌كه ده‌بینێت له ڕووی داراییه‌وه بۆ ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی داهاتووی پڕۆژه‌كه.
جێی باسه عه‌لوه‌كه هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه له‌خۆ ده‌گرێت كه دێنه سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه چ هاورده بێت یان به‌رهه‌می ناوخۆیی، به‌و پڕۆژه‌یه‌ش ده‌توانرێ به‌شێكی زۆر له به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌ڵبگیرێت بۆ ئه‌و وه‌رزانه‌ی كه به‌روبوومه‌كان كه‌م ده‌كه‌ن و پاشان ده‌خرێنه بازاڕه‌وه، جووتیارانیش سوودمه‌ند ده‌بن له هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌كانیان.
*
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه: پڕۆژه‌ی عه‌لوه‌كه كۆمپانیای ئهركاد له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی دروستی ده‌كات
وشه/ به‌دواداچوونی شه‌فیق بانیشاری