بانگخوازی سەماكەرەكان بە لیستێك تۆمەتەوە دادگایی دەكرێت

:: PM:06:22:21/07/2019 ‌
دادگا لیستێك تۆمەتی دایە پاڵ بانگخوازی سەماكەرەكان و یاریدەدەرانی و زیاتر لە 226 كەسی تر، بەپێی لیستەكەیش بێت ئەوا گرووپەكەی عەدنان ئوكتار تاوانی سیخوڕی سەربازی و مافیایی و دەستدرێژی سێكسی و بەرتیل و كوشتنیان ئەنجام داوە. دادگای باڵای تاوانەكانی توركیا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو پڕۆسەی دادگاییەكە ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، دادگای باڵای تاوانەكانی توركیا، لیستێك تۆمەتی دایە پاڵ عەدنان ئۆكتای ناسراو بە بانگخوازی سەماكەرەكانی توركیا، لە دیارترین ئەو تاوانانەش، تێوەگلانی دێ لە سیخوڕی سەربازی، رێكخستنی گرووپی مافیایی، دەستدرێژی سێكسی، گێچەڵ و گوشار، بەرتیل و هەوڵی كوشتن و ساختەكاری.

دادگای باڵای تاوانەكانی توركیا، رۆژی 17ی ئەیلوولی دەستنیشان كردووە بۆ بەڕێوەچوونی دادگایی عەدنان ئۆكتای لەناو گرتووخانەی سیلیفری لە توركیا، كە جگە لە خۆی، بڕیاری گرتن بۆ 226 كەس دەرچووە و تا ئێستە 171یان گیراون.

دادگا بە پشت بەستن بە سكاڵای 125 قوربانی دەستی ئۆكتای، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی دژ بەو گروپە كردووەتەوە، لە ناو سكاڵاكاندا تاوانی جیاواز ئاراستەی بانگخوازەكە كراوە، لەوانە سیخوڕی سەربازی، دروستكردنی گروپی مافیایی، دەستدرێژی سێكسی، بەرتیل و هەوڵی كوشتن و ساختەكاری.

عەدنان ئۆكتای بانگخوازی سەماكەرەكان، كەسایەتییەكی بەناوبانگی توركیایە دوای ئەوەی لە رێگەی كاری بانگخوازی بۆ پەشیمان بوونەوە لە سەما كردن و تەوبە كردن، ناسرا. پاشان ئۆكتای، كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەناوی بانگخوازی سەماكەرەكان دامەزراند و 200 كەس لەگەڵیدا كاریان دەكرد.

سەماكەرەكان كە زیاتر بە پشیلەكانی ئۆكتای ناویان دەركرد بوو، لە سكاڵاكانیان دژ بە ئۆكتای ئاماژە بە دەستدرێژییەكانی ئەو دەكەن، گولگون گوكتان یەكێك لە سەماكەرەكان دەڵێ، ئۆكتای زۆر ئازاری داوە و تەنانەت لێی داوە.

هارون یەحیا یەكێكی ترە لە سەماكەرەكان، دەڵێ، بەهۆی شكستی لە ئامادەكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئۆكتای، لێی دراوە، گوتی "ئۆكتای زۆر گرنگی بە شێوازی ئاو خواردنەوەی دەدا، دەبووایە ئەو ئاوەی بۆی ئامادەی دەكەی لە پلەی 20ی سیلیزی بێت و پاشان بۆ ماوەی حەوت خولەك لەسەر ئاگر گەرم بكرێت".

 سێڵدا ئینال یەكێكی ترە لە پشیلەكانی عەدنان ئۆكتای، ئاماژە بە سووكایەتی دەكات لەلایەن ئۆكتای كە ناچار كراوە بۆ ماوەی سێ رۆژ جلوبەرگی خزمەتگوزار بپۆشێت، ئەو دەڵێ، دەبووایە جێگەی خەوتنی ئۆكتار بە وشكەرەوەی قژ گەرم بكرێت ئینجا دەچوو لەسەری دەخەوت.

بیریل كونجاغول یەكەم سەماكەر بوو كە تاوانەكانی ئۆكتاری ئاشكرا كرد، دوای ئەوەی توانی لە ماڵە گەورەكەی ئەودا كە تەنراوە بە كامێرای چاودێری و زیاتر لە 60 كەس پاسەوانی دەكەن. ئەو دەڵێ، هیچ كات ئۆكتای كە خۆی بە بانگخوازی سەماكەرەكان ناساندووە، لە ماڵەكەیدا باسی ئایینی ئیسلامی بۆ نەكردووین، تەنیا لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن نەبێت.

ئۆكتار لە مانگی شوباتی رابردوو لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی توركیا دەگیردرێت و لیستێكی 30 تاوانی ئاراستە دەكرێت.

كونجاگول كە ماوەی نۆ ساڵ لە ماڵەكەی ئۆكتار ژیانی بەسەر بردووە، ئاشكرای دەكات كە ئۆكتار هەمیشە دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەریان، گوتی "پێنج جار هەوڵی راكردنم داوە، بەڵام بەهۆی بوونی كامێرای چاودێری زۆر و 60 پاسەوان، شكستم هێناوە لە راكردن".


وشە - فه‌رمان سادق