خۆراك بەسەر سێ هەزار و 500 خێزانی ئاوارە دابەش كرا

:: PM:07:52:12/01/2017 ‌

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی كوێت لە هەڵمەتێكدا سێ هەزار و 500 پارسێلی خۆراكیان بەسەر ئاوارەكانی كەمپەكانی دیبەگە دابەش كرد.

ئەمڕٍۆ پێنجشەم دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كاروانێك هاوكاری دەوڵەتی كوێتی بۆ ئاوارەكانی كەمپی دیبەگە گواستەوە و لەو هەڵمەتەدا ٣٥٠٠ خێزانی كەمپەكانی سنووری شارۆكەی دیبگەی سەر بە پارێزگەی هەولێر سوودمەند بوون.

ئیسماعیل عەبدولعەزیز بەرپرسی بەشی هاوكارییەكانی دەزگەكە سەبارەت بەو هەڵمەتە رای گەیاند كە بڕی سێ هەزار و 500  پارسێلی خۆراكی وشك بۆ كەمپەكانی دیبەگە لەلایەن دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی كوێتەوە دابین كراوە، كە ٤١٠ پارسێلیان بۆ كەمپی دیبەگە یاریگە دابەش دەكرێت و ئەوانی تر لە كەمپەكانی تری دیبەگە بڵاو دەكرێنەوە.

سەبارەت بە هاوكارییەكانی دەزگەكەیان بۆ داهاتوو گوتی، لەمڕۆوە تا رێكەوتی ٢٦/١/٢٠١٧ لەگەڵ دەوڵەتی كوێت رۆژانە بەردەوام پێداویستی جۆراوجۆر لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارەكان دابین دەكەین.

جێی ئاماژەیە كە لە چەند رۆژی رابردوودا دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری دەوڵەتی كوێت، نەوت و ئامێری گەرمكەرەوەیان بۆ هەزار و 500 خێزانی ئاوارەی كەمپی سێودینان دابین كردووە.

بەهۆی هێرشەكانی داعش كە ناوچەیەكی فرەوانی عێراقی گرتەوە و دواتر جەنگی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە بە قۆناغ، ئێستە ژمارەیەكی گەورەی ئاوارەكانی ئەو ناوچانە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان شوێنیان بۆ كراوەتەوە و بێجگە لەو خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەكییەكانی حكوومەتی هەرێم بۆیانی دابین دەكات، رێكخراوە خێرخوازییەكانیش لە هەوڵەكانیان بۆ یارمەتیدانی ئەوان و كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانیان نەوەستاون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل