قەدەغەكردنی هێلكە توركیای ڕووبەڕووی گێژاوێكی گەورە كردووەتەوە

:: PM:07:39:21/07/2019 ‌
بەهۆی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكەی توركی تا ئێستە هەشت بەرهەمهێن مایەپووچ بووینە و زیاتر لە ملیۆنێك مریشیكیان لەناو بردووە و نرخیش لە بازاڕەكانی توركیا زۆر دابەزیوە. نوێنەرانی سێكتەری پەلەوەری توركیش هۆشداری دەدەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، نوێنەرانی سێكتەری پەلەوەری توركی ئاشكرایان كرد، بەهۆی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكەی توركی بۆ بازاڕەكانی عێراقی، هەشت بەرهەمهێنی هێلكە مایەپووچ بوون، دوای ئەوەی نەیانتوانی خەرجییەكانیان دابین بكەن.

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە یەكی تەمووزی ئەم مانگە، چیتر هێلكە لە توركیاوە هاوردە نەكات، ئەمەش زیانێكی گەورەی ئابووری لە سێكتەری پەلەوەری ئەو وڵاتە گەیاندووە كە بازاڕی عێراق 20%ی هەناردەی هێلكەی توركی بۆ دەرەوە پێكدەهێنێت.

رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاوی كردەوە، قەدەغەی هاوردەكردنی هێلكە تەنگژەیەكی گەورەی لەنێو خاوەن پەلەوەرخانەكانی توركیا دروستكردووە، ئەمەیش وایكردووە لەماوەی ئەو 20 رۆژەدا زیاتر لە ملیۆنێك مریشك لەناو ببەن، بەهۆی نەتوانین لە كڕینی عەلەفی پێویست بۆیان.

نوێنەرانی سێكتەری پەلەوەری توركی بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، بەهۆی بڕیاری قەدەغە كردن، هەشت پەلەوەرخانە مایەپووچ بوون، ئەوانەشی پەلەوەرخانەیان هەبووە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا بە ناچاری زیاتر لە 17 ملیۆن مریشكیان سەربڕیوە، تەنانەت یەك ملیۆنی تریشیان لەناو بردووە بەهۆی زۆر چاوەڕێ كردن و ریزگرتن لە نۆرەی سەربڕینی مریشكەكان.


وشە - فه‌رمان سادق