داوای پێكهێنانی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر دەكرێت

:: PM:08:14:21/07/2019 ‌
سەكۆی عێراقی داوای پێكهێنانی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە مادەی هۆشبەر زۆر بە فراوانی لە عێراق بڵاو بووەتەوە هەڕەشە بەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی. عەلاوی دەڵێ، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر كۆژانێكی گەورە و مەترسیدارە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی سەكۆی عێراقی، داوای پێكهێنانی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری لە عێراق كرد.

عەلاوی، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بەو فراوانییە كۆژانێكی گەورە و مەترسیداری دروستكردووە و بووەتە هەڕەشە بەسەر پێگەكانی كۆمەڵگەی عێراق و داچۆڕینی وزە و توانا و تایبەتەمەندییەكانی كۆمەڵگەی عێراق بە تایبەت لە باشووری عێراق.

سەرۆكی سەكۆی عێراقی، بە پێویستی دەزانێ دامەزراوە ئایینییەكان و خوێندن و وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ، كار بكەن لەسەر هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگە لە لێكەوتە خراپ و مەترسیدارەكانی مادەی هۆشبەر، بەپێویستیشی دەزانێ ئەنجوومەنێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر پێك بهێندرێت هاوشێوەی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. هاوكات داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد، یاسایەكی توند دابڕێژێت دژ بەوانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكەن، هەروەها دۆسیەی ئەوانەشی لەسەر ئەو پرسە گیراون یەكلا بكرێنەوە، گوتی "پێویستە ئەو لایەنانەش ئاشكرا بكرێن كە لەپشت بازرگانی بە مادەی هۆشبەرن و بازرگانەكان دەپارێزن".

لە بەیاننامەكەیدا عەلاوی، داوای لە وەزارەتی دەرەوە كرد كە بەرپرسیاریەتی هەڵگرێت لە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ، گوتی "چارەسەری ئەو دۆسیەیە دەبێت بكرێت و ناكرێت جیا بكرێتەوە لە تەنگژە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر ئاستی وڵات و سێكتەری تەندروستی".

داواكەی عەلاوی لە كاتێكدایە، رۆژی چوارشەمی رابردوو هاوپەیمانی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق هەمان داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، داوای توندتر كردنی یاساكەش دەكەن و پێیان وایە سزاكەی لە یاسای سزادانی عێراقی هاتووە زۆر كەمە بەرانبەر بەو تاوانە گەورەیە.


وشە - فه‌رمان سادق