شاندێكی رۆژنامەنووسانی عەرەب سەردانی ئیسڕائیل دەكەن

:: PM:08:38:21/07/2019 ‌
شاندێكی رۆژنامەنووسانی عەرەبی سەردانی ئیسڕائیل دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە ماوەیەك پێش ئێستە ئیسڕائیل سەردانی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سیاسی وڵاتانی عەرەبی بۆ وڵاتەكەی بڵاوكردەوە لە ناویاندا پەرلەمانتارانی عێراقیش هەبوون. وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل دەڵێ، لە شاندەكە رۆژنامەنووسی عێراقیش هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل ئاشكرای كرد، شاندێكی رۆژنامەنووسانی وڵاتانی عەرەبی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئیسڕائیل دەكەن، لە ناویاندا رۆژنامەنووسی عێراقی و سعوودی تێدایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل روونكردنەوەی زیاتری داوە، شاندەكە سەردانی تەلئەبیب و قودس و باكوری ئیسڕائیل و چەند ناوچەیەكی تریش دەكەن، دیداری تایبەتیشیان دەبێت لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان و وەزیران و كەسانی ئەكادیمی ئیسڕائیلی.

زیاتر گوتی "ئامانج لە سەردانەكە ئاگاداربوونی رۆژنامەنووسانی عەرەبە لەسەر هەڵوێستی ئیسڕائیل پێوەند بە پرسە دیپلۆماسییەكان و شارەزا بوون لە كۆمەڵگەی ئیسڕائیلی".

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل لە بەیاننامەكەیدا ئەوەشی راگەیاندووە، ئەمە یەكەمجارە رۆژنامەنووسی سعوودی و عێراقی سەردانی ئیسڕائیل بكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە چەند مانگێك پێش ئێستە هەندێك هەواڵ بڵاوكرایەوە كە چەندان بەرپرسی وڵاتانی عەرەبی سەردانی ئیسڕائیلیان كردووە، لە ناویاندا پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس و كەسانی ئەكادیمی عێراقیش هەبووینە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل، لە بەیاننامەكەیدا ناوی ئەو شەش رۆژنامەنووسەی ئاشكرا نەكردووە كە كێن، بەڵام دووپات لە سەردانەكە دەكاتەوە كە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.


وشە - فه‌رمان سادق