سعوودیە.. قورسترین ئێكسسواراتی زێڕ دروست كرا

:: PM:02:13:16/10/2016 ‌

لە شاری جدەی وڵاتی سعوودیە، یەكێك لە كارگەكانی دیزاین و دروستكردنی تاخمی ئێكسسوارات، توانیویەتی قورسترین تاخمی زێڕ دروست بكات.

ئەو تاخمە زێڕە كێشی 33 كیلۆگرامە و پێك هاتووە لە ملوانكە و بازن و گوارە، كە هەمووی لە زێڕی عەیار 24 دروست كراوە و بە هۆی قوسایی كێشیەوە، بڕیارە لە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەیییەكان تۆمار بكرێت.

بە گوێرەی زانیارییەكان، دروستكردنی ئەو تاخمە، نزیكەی یەك ساڵی پێ چووە و زیاتر لە 100 زێڕینگەری شارەزا بەشدارییان لە دروستكردنیدا كردووە، نرخەكەشی بە شەش ملیۆن ریاڵی سعوودی كە دەكاتە 1.5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی مەزەندە دەكرێت.

عیسام ئەشرەفی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەو كۆمپانیایەیە كە تاخمەكەی دروست كردووە و رای دەگەیەنێت، مەبەست لە دروستكردنی ئەو تاخمە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كارمەندان و زێڕینگەرانی كۆمپانیاكەمان ئارەزووی ئەوەیان هەبوو كە ناوی وڵاتەكەمان شانشینی عەرەبیی سعوودیە، بچێتە ناو كتێبی گینسەوە، بۆیەش هەستاین بە دروستكردنی ئەو قورسترین تاخمە زێڕە.

سەرچاوە: rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی