سووریا بۆردمان كرا

:: AM:07:24:22/07/2019 ‌

ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ڕژێمی ئه‌سه‌د بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ هێزی به‌رگری ئاسمانی ڕژێم، له‌ شاره‌دێی مه‌سیافی سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌ما تووشی هێرشی ئاسمانی بووه‌، هیچ ورده‌كارییه‌كی تری له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه‌ نه‌خستووه‌ته‌ ڕوو.

تا ئێسته‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر جۆری بۆردمانه‌كه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ی كردوویه‌تییه‌ ئامانج نه‌خراونه‌ته‌ ڕوو، به‌ڵام په‌یامنێری ته‌له‌ڤزیۆنی ڕژێم له‌ ناوچه‌كه‌ ڕه‌تی كرده‌وه‌، ئه‌نجامده‌ری ئه‌و هێرشانه‌ ئیسرائیل بێ، چونكه‌ ئه‌وان هیچ ئامانجێكیان له‌ حه‌ما نییه‌.

زیاتر گوتی، ئه‌و ده‌نگه‌ مه‌زنه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ بیسترا بۆردمانی ئاسمانی نه‌بووه‌، به‌ڵكوو ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ بوون، كه‌ له‌لایه‌ن گرووپێكی چه‌كداره‌وه‌ ئه‌نجام دراون، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌دێێ مه‌سیاف بگرن، به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ند مووشه‌كێك له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاره‌دێكه‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانی گیانیان لێ بكه‌وێته‌وه‌ و ته‌نیا زیانی مادی به‌ر ناوچه‌كه‌ گه‌یاند.

میدیاكان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ تا ئێسته‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و مووشه‌كانه‌ نازانرێ، له‌ كوێ هه‌ڵدراوه‌ و كێ هه‌ڵیداوه‌ و بۆچی له‌و ناوچه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خوار، كه‌ ناوچه‌یه‌كی چۆڵه‌وانییه‌ و هیچ كه‌سێك و هیچ هێزێكی لێ نییه‌، تا به‌ ئامانجیان بگرێت. 




وشە - باز ئه‌حمه‌د

ئه‌م بابه‌ته 663 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌