یاسای هاتوچۆ دەگۆڕێت و سەرپێچی بكەیت مۆڵەتەكەت لێ وەردەگیرێتەوە

:: AM:10:55:22/07/2019 ‌
لەلایەن ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكان پڕۆژەیەك بۆ پێداچوونەوە بە یاساكانی هاتوچۆ دەدرێـتە پەرلەمانی كوردستاو بەپێی پڕۆژە یاساكە ئەگەر دوو سەرپێچی بكەیت، مۆڵەتەكەت لێ وەردەگیرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تەمووز، یوسف بازیانی سەرۆكی ڕێكخراوی سەلامەتی ڕێگەوبان بۆ "وشە" گوتی، پڕۆژە یاسایەكمان بۆ پەرلەمانی كوردستان بەرز كردووەتەوە بەمەبەستی پێداچوونەوە بە یاساكانی هاتوچۆ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەن.

سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە ڕوونی كردەوە، بەپێی پڕۆژە یاسا نوێیەكە داوامان كردووە مۆڵەتی شوفێری بكرێت بە پۆینت، بۆ نموونە شوفێری ڕێپێدراو 12 پۆینتی هەبێت، هەروەها سەرپێچییەكان بە پۆینت لەسەری تۆمار بكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر شوفێرێك لە گڵۆپی سوور بدات، پێویستە چوار پۆینت سزا بدرێت و ئەگەر پێچەوانەی ڕێ بڕوات پێویستە سێ‌ پۆینتی سزا بدرێت، بەمەش مۆڵەتەكەی لە دەست دەدات و سزای ساڵێك بێ‌ مۆڵەتی دەبێت.

"ئەگەر شوفێرێك ڕووداوێكی هاتوچۆ بە ئەنقەست دروست بكات، ئەوا پێویستە مۆڵەتەكەی لێ بسێنرێتەوە و چیتر مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی نەبێت". ئەوا بازیانی وای گوت.

لە هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو دەدەن و سەتان هاووڵاتی دەبنە قوربانی.



وشە - رامیار جەواد