دیاردەی دزی کردن لە بازاڕی کەلار زیادی کردووە

:: AM:11:46:22/07/2019 ‌

ژمارەیەك لە دوكاندارانی بازاڕی كەلاری باس لە پەرەسەندنی حاڵەتەكانی دزیكردن دەكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ناوچەكە بەتایبەت بازاڕی کەلار بە كامێرا تەنراوە.

هۆشیار حەسەن، فرۆشیارێكی نێو بازاڕی شارۆكەی كەلار بۆ "وشە" ئاشكرای دەکات، لە ماوەی ئەم مانگەدا زۆربەی دوكاندارەكانی سەر پرۆژەی ئاوی كەلار كە بە مەشروعەكە ناسراوە، چەندین ئافرەتیان لەکاتی دزیدا گرتووە و بەهۆی دروست نەبوونی كێشەی كۆمەڵایەتی ودانەڕمانی خێزانەكانەوە سكڵایان لەسەر نەكردوون.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەشێك لەوئافرەتانە تەسكی و قەرەباڵغی بازاڕەكەیان قواستۆتەوە بۆ دزی کردن و خۆشیان قەرەباڵعی دروست دەكەن و بەیەکەوە دێنە بازاڕەکان.

عەلی جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ئەو دیاردەوە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، چوار ئۆتۆمبیل دزراوە و 99 حاڵەتی دزینی جۆراوجۆر لە گەرمیان تۆمار كراوە.

ئەوەشی خستەروو، لەو شوێنانەی كامێری چاودێری دانراوە حاڵەتەكانی دزی كردن كەمی كردوە، حاڵتەكان بە زۆری لەلایەن كەسانی سەروی تەمەنی پێگەیشتن ئەنجامدراون واتا سەروی 18ساڵ.

كارزان فواد وەك توێژەرێكی کۆمەڵایەتی بۆ "وشە" ئاماژەیدا، تەنگژەی دارایی و نەبوونی هەلی كار هۆكارە بۆ حاڵتەكانی دزی، لەرووی كۆمەڵایبەتییەوە دیاردەی دزی كردن لەلایەن ئافرەتانەوە وەك دیار دەمینێتەوە، چونكە كەمتر ترسیان لە پیاوانە لەوەی سكاڵایان لێ بكرێت و تەنیا شمەكی دزراویان لێ وەردەگیرێتەوە.

"وشە"لە رێگەی چەند چالاكوانێكی ئافرەتی كەلارەوە ئەوەی زانیوە ئەو ئافرەتانەی دزی دەكەن بەزۆری دەكەونە گەڕەكە میللییەكانی كەلارەوە یاخود خەڵكی دەوروبەری ناوچەكەن بۆ ئەوەی لە شوێنەکانی خۆیان نەناسرێنەوە دێنە کەلار و دزی دەکەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان