دوێنێ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى ئۆكراینا به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دواى سێ مانگ له ده‌ستبه‌كاربوونى ڤۆلۆدیمێر زیلینسكى وه‌ك سه‌رۆكى وڵات به‌ڕێوه‌چوو. هه‌رچه‌نده ده‌گوترێ ئه‌و سه‌رۆكه له هه‌ندێك كردارى دژه‌باو بترازێ هیچى تر‌ى نه‌كردووه، كه‌چى پارته‌كه‌ى له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى دوێنێ سه‌ركه‌وتنێكى پێوانه‌یى به ده‌ست هێناوه.
دوێنێ یه‌كشه‌م 21ى تهمووز هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى له ئۆكراینا به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دواى سێ مانگ له ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى نوێى وڵاته‌كه دێت، كه دژایه‌تییه‌كى سه‌ختى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى پێشوو هه‌بوو. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له ئاژانسى
فرانس پرێس بڵاو كراوه‌ته‌وه، پارتى "خزمه‌تكارى گه‌ل" كه پارته‌كه‌ى زیلینسكییه ئه‌نجامێكى پێوانه‌یى به‌ده‌ست هێناوه و 43%ى ده‌نگه‌كانى بردووه، كه ئه‌مه‌یش وه‌ك فرانس پرێس ده‌ڵێ ژماره‌یه‌كه له دواى سه‌ربه‌خۆبوونى ئۆكراینا له یه‌كێتى سۆڤییه‌ته‌وه هیچ پارتێك به‌ده‌ستى نه‌هێناوه.
زیلینسكى ته‌مه‌نى 41 ساڵه و پێشتر ئه‌كته‌رێكى كۆمیدى بووه، به بچووكترین سه‌رۆكیش داده‌نرێ له مێژووى وڵاته‌كه‌ى. ئه‌و ئه‌نجامه‌ى پارتهكهیشى به‌ده‌ستى هێناوه، جێى سه‌رنجى چاودێرانى سیاسییه، چونكه ده‌ڵێن ئه‌و له‌ماوه‌ى رابردوودا هیچ كارێكى ئه‌وتۆى نه‌كردووه ژیانى هاووڵاتییان بگۆڕێت، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت سه‌كۆى سه‌رۆكایه‌تى له شێوازه كلاسیكییهكهى دوورخستووه‌ته‌وه و وه‌ك سهرۆكێكى دژه‌باو هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.
ماڵپه‌ڕى
ئیلافى عه‌ره‌بى له راپۆرتێكدا كۆمه‌ڵێك له‌و كارانه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ڤۆلۆدیمیر زیلینسكى له‌ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى خۆى ئه‌نجامى داون و هه‌موویان دژه‌باون و له‌گه‌ڵ ئه‌ته‌كێتى سه‌رۆكایه‌تى وڵاته‌كه‌ى یه‌ك ناگرێته‌وه.
وێنه‌ى سیلڤى
له 20ى ئایار زیلینسكى له رۆژى دانانى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به پێ چووه په‌رله‌مان له ته‌واوى رێگه‌كه‌دا وێنه‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتییانى گرت و ته‌نانه‌ت هه‌ر له رێگه‌كه رێكه‌وتى هاوڕییهكى كرد و نێوچه‌وانى ماچ كرد، هه‌ر كه گه‌یشته په‌رله‌مانیش به زمانێكى ره‌قتر داواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كرد و به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نوێى دا كه دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو.داوایشى له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى وڵاته‌كه‌ى كرد وێنه‌ى ئه‌و هه‌ڵنه‌واسن، چونكه به تێڕوانینى ئه‌و " سه‌رۆك سیمبول نییه".
فڕیدانى چاكه‌ت و بۆینباخ
زیلینسكى یه‌كێكه له‌و سه‌رۆكانه‌ى بایه‌خ به جلوبه‌رگ نادات و وه‌ك سه‌رۆكه‌كان هه‌ڵسوكه‌وت ناكات، چاكه‌ت و بۆینباخى فڕیدا، هه‌ر هێنده نا به‌ڵكو قۆڵی كراسهكهیشى هه‌ڵ ده‌كات، ئه‌مه ته‌نیا نیشاندانى ساده‌یى و ساكاریى نییه بۆ هاووڵاتییانى خۆى، به‌ڵكو هه‌ر به‌مشێوه‌یه پێشوازى له شانده دیپلۆماسییه‌كان ده‌كات له‌وانه وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فڕه‌نسا كه له 30ى ئایارى رابردوو سه‌ردانى ئۆكرانیایان كرد.دواتریش هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌یش سه‌ردانى به‌ره سه‌ربازییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى كردووه.
یاریكردن له ناو نافوره
له مانگى حوزه‌یران كاتىک سه‌ردانى شارى مایۆپۆلى كرد، جه‌ماوه‌رى سه‌رسام كرد، چونكه له‌وێ بینى منداڵان له‌تاو گه‌رما له‌ناو نافورهیهك یارى ده‌كه‌ن، سه‌رۆكیش خۆى هه‌ڵدایه ناو ئاوه‌كه، دواتریش سه‌رۆكایه‌تى ئۆكرانیا ڤیدیۆیه‌كى بڵاوكرده‌وه سه‌رۆك ئاوى ده‌ریاى ره‌ش ده‌پشكنێ و له كه‌ناره‌كانى ئۆدیسا مه‌له ده‌كات.
مۆزه‌خانه‌ى لینین ده‌گاته باره‌گاى خۆى
هه‌ر له مانگى حوزه‌یران ڤۆلۆدیمێر زیلنسكى باره‌گاكه‌ى خۆى له باڵه‌خانه كۆنه‌كه‌ى سۆڤییه‌ت گواسهوه بۆ سه‌نته‌رى پێشانگاكان، كه پێشتر مۆزه‌خانه‌یه‌ك بوو به‌ناوى لینین. له‌باره‌ى هۆكارى گواستنه‌وه‌كه زیلینسكى به فرانس پرێسى گوتووه، له باره‌گاكه‌ى پێشوو هه‌ستى به ئاسووده‌یى نه‌ده‌كرد چونكه له‌سه‌رده‌مى سۆڤییه‌ت باره‌گاى لقێكى حزبى شیوعى بووه.
مانۆرى سه‌ربازى نییه به‌ڵام پاداشتى سه‌ربازى هه‌یه
هه‌ر له‌م مانگه‌دا سه‌رۆك بڕیارى دا مانۆى سه‌ربازى ره‌ت بكاته‌وه، كه له رۆژى سه‌ربه‌خۆیى له 24 ى ئاب هه‌موو ساڵێك به‌ڕیوه ده‌چێت، ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له‌و رووداوه ده‌گمه‌نانه‌ى كه ده‌نگدانه‌وه‌ى خۆى هه‌بوو، له‌برى ئه‌مه بڕیارى دا ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ مانۆڕه‌كه ته‌رخان كراوه به ده‌یان ملیۆن یۆرۆ مه‌زنده ده‌كرێ بۆ سه‌ربازه‌كان بیكات به پاداشت.
سووكایه‌تى به به‌رپرسانى گه‌نده‌ڵ
هه‌رچه‌نده ئه‌و پێشتر ئامانجى سه‌ره‌كى خۆى دیاری كردبوو كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵییه، ئه‌و تا ئێسته له‌م بواره‌دا شتێكى دیاریكراوى نه‌كردووه، به‌ڵام سڵ له‌وه ناكاته‌وه سه‌ركۆنه‌یان بكات و ته‌نانه‌ت جنێو و سووكایه‌تیشیان پێ ده‌كات. له‌ماوه‌ى رابردوو له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌رپرسێكى ده‌ركرد، چونكه له نامه‌یه‌ك كه بۆى رهوانە كرابوو نووسرابوو ئه‌م به‌رپرسه له‌لایه‌ن دادگاوه تۆمه‌تبار كراوه، سه‌رۆك گوتى "هه‌سته برۆ ده‌ره‌وه ئه‌ى دز".
سه‌رۆك واز له پایسكلهكهى ده‌هێنێ
هه‌ندێك له به‌رپرسان وه‌ك نیشاندانى ساده‌یى له‌گه‌ڵ به‌رپرسیارێتى پایسكل به‌كار ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌و كاتێك ئه‌كته‌رێكى كۆمیدى بوو پایسكلى هه‌بوو، كاتێك بووه سه‌رۆك بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ئۆتۆمبیلى كاره‌بایى به‌كار بهێنێ.