كۆنگرە بووە بە نوكتە.. یەكێتی بەهۆی حووسییەكانی یەمەن كۆنگرە ناكات

:: PM:07:49:22/07/2019 ‌
بەستنی كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەناو حزبەكە وەك نوكتەی لێ‌ هاتووە و گوشارەكانیش لەسەر ئەو حزبە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە زیاتر بووە، بە تایبەت ئێستە كە شەڕی باڵەكان گەرمترە و دەیانەوێ‌ لە كۆنگرە ململانێكان یەكلا بكەنەوە.

ماوەیەكی زۆرە یەكێتی بە پاساوی جۆراوجۆر كۆنگرەی حزبەكەی دواخستووە، كادرێكی ئەو حزبە دەڵێت، ئێستە هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی نەماوە.

ژوان ئەحمەد كادری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ئیتر پاساو نەماوە بۆ سەركردایەتی یەكێتی، شەڕی داعش كۆتایی هات، كێشەكان لەگەڵ عێراق بەرەو ئاسایی بونەوەی تەواو دەچێت و هەڵبژاردنی كوردستان كرا و حكوومەت پێكهات.

دووپات دەكاتەوە ئیتر هیچ پاساوێك نەماوە بۆ ئەوەی یەكێتی كۆنگرەیەكی راستەقینەی گۆڕانكاری بكات، هیچ رێگریەكیش نەماوە جگە لە هەڵپەرستی ‌و بەرژەوەندخوازی.

ژوان بە تەنزەوە دەڵێت، مەگەر بۆ لەمەودوا بڵێین لەبەر برایانی حووسی لە یەمەن جارێ بارودۆخەكە گونجاو نیە بۆ كۆنگرەی یەكێتی، كۆنگرەیش پێویستە كۆنگرەی گۆڕانكاری ‌و دوور لە یاری كردن بە ئەنجامەكان ‌و گزی‌ بێت.

قسەكانی ئەو كادرەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەیەكی بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی پێشكەش كرد و تیایدا دووپاتی لە بەستنی كۆنگرەیەكی ڕاستەقینە كردەوە.

هاوكات لە ژمارەی ڕابردووی هەفتەنامەی "وشە" بە ڕوونی ئەوە ئاشكراكرابوو كە ئەم ساڵ پارتی و گۆڕان كۆنگرە دەبەستن و یەكێتی هێشتا نازانێ‌.




وشە - وشه‌