مەسروور بارزانی بۆچوونی وڵاتانی له‌باره‌ى چاكسازى له‌ كوردستان گۆڕی

:: PM:04:28:24/07/2019 ‌
ڕۆژ بە ڕۆژ چاكسازییەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەردەكەوێت، ئێستە وای لێ هاتووە وڵاتان لە بری داواكردن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پشتیوانییەكانیان چڕتر بووەتەوە ئەوەیش لە دوایین پێوەندی نێوان مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ مەسروور بارزانی بەڕوونی دەركەوت.

ڕۆژی 10ی تەمووز، مەسروور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی 88 پەرلەمانتاری كوردستان متمانەی پێدرا، هەر ئەو ڕۆژە مەسروور بارزانی لە بەرنامەی كاری كابینەكەیدا دووپاتی لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كردەوە تا ئەو ئاستەی لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستی پێ كرد.

لەماوەی ڕابردوودا خواستی وڵاتانی نێودەوڵەتی ئەنجامدانی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بووە، بەتایبەت لە عێراق و كوردستان، ئێستە دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ ئەو خواستەی وڵاتان لە داواكارییەوە گۆڕاوە بۆ پشتگیری بە جۆرێك لە بری ئەوەی ئەمەریكا داوا بكات چاكسازی لە كوردستان بكرێ‌ ئێستە دەڵێن، پشتیوانی لە چاكسازییەكەی مەسروور بارزانی دەكەین.

شەوی ڕابردوو لەمیانەی پێوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپات لەسەر ئەوە كرایەوە كە چاكسازی ڕاستەقینە دەكرێ‌. لەو پێوەندییەدا پۆمپیۆ بە ڕوونی پشتگیری خۆی و و ڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دووپات كردەوە. جیا لەوەی لە هەموو ئەو شاندە نێودەوڵەتییانەی سەردانی مەسروور بارزانی دەكەن بە ڕوونی  پشتیوانی دەكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.

بە بڕوای شارەزایانی نێودەوڵەتی پشتگیریی ئەمەریكا و وڵاتانی تر لە چاكسازییەكانی مەسروور بارزانی هەنگاوێكی گرنگە بە جۆرێك وا دەكات حكوومەتێكی جیاواز لە ناوچەكەدا بونیاد بنرێ‌.

كرمانج عوسمان مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە" گوتی، پێشتر كە باسی گەندەڵی دەكرا تەنیا لەو چوارچێوەیە باسی دەكرا كە پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە، بەڵام ئێستە لای وڵاتان گەندەڵی پێوەندی هەیە بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی خۆراك و نەبوونی گەندەڵی بەشێكە لە سەقامگیری.

ڕوونی كردەوە كە وڵاتان دەزانن كە حكوومەتی ئێستەی كوردستان ڕژدترە لەسەر ئەو پرسە، بۆیە دێنە پێشەوە و پشتگیری لێ‌ دەكەن كە پشتگیری ئەوان زۆر گرنگە و ڕەنگە لە داهاتوو لە ڕێی ڕێكخراوەكانیانەوە پاڵپشتی دارایی بۆ كوردستان بنێرن.

كرمانج عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وتار و كردارەكانی مەسروور بارزانی بۆ چاكسازی كاریگەری هەبووە لەسەر هێنانە پێشەوەی وڵاتان تا پشتگیری لە چاكسازی بكەن، تەنانەت وڵاتان نەخشەڕێی ئەو حكوومەتە بۆ چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی دەبینن بەتایبەت كە لە ماوەیەكی كورتدا ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.

وەك دووپاتی لەوە كردەوە كە وڵاتان سەیری هەنگاوی یەكەم دەكەن ئەگەر یەك دوو هەنگاوی تر بچێتە پێشەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە بە جۆرێكی تر پشتیوانی چاكسازییەكەی دەكرێ‌.

جیا لەوەی لە كارنامەی حكوومەتی نوێی كوردستان دووپات لەسەر چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی كراوەتەوە، وتارەكەی هەفتەی ڕابردووی مەسروور بارزانی لە رۆژنامەی واشنتن پۆست كە تیایدا نووسیبووی، "كۆمەڵێك چاكسازی دەكەم كە تەواوی كەرت و باڵە خزمەتگوزارییەكان بگرێتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بكاتەوە"، جۆرێكی تر بوو لەسەر ڕژدی سەرۆك وەزیران بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.

بە بڕوای شارەزایان ئەزموونی لەناوبردنی گەندەڵی لە كوردستان پێوەندی بە دوو خاڵەوە هەیە كە یەكێكیان ئیرادەی بەهێزی سیاسیی و كەسایەتی بەهێز بۆ بڕیاردان، ئەوەی تریشیان بەدواداچوون لەسەر ئەو بڕیارانەی بۆ چاكسازی دەدرێ‌، بە جۆرێ ماوەیەكی بۆ دیار بكرێ‌ تا جێبەجێ‌ بكرێ‌.

وەك بە پێویست دەزانرێ‌ داتای ورد لەبارەی گەندەڵی هەبێت و توێژینەوەی لەسەر بكرێ‌ تا حكوومەتی نوێ‌ كوردستان بە پشتبەستن بەو داتا و توێژینەوانە ساڵانە ئەركەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دیار بكات.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم