ساڵانە لە سەرەتاى وەرزى زستانەوە و لەگەڵ داکەوتنى ساردى کەشوهەوا، گەرمى دەکەوێتە بازاڕى پاچەوە، بۆ دەستکەوتنى پاچە، خەڵک لە بەردەم گۆشتفرۆشەکاندا نۆرە دەگرن کە بەهۆى زۆرى خواستەوە، بەشى پێویست بەردەست نابێت. لەو ساڵانەدا لە دەرەوەى ئامادەکردن و خواردنى پاچە لەناو ماڵ، چەندان چێشتخانەى تایبەت بە پاچە لە شار و شارۆکەکانى کوردستاندا کراونەتەوە و جمەیان دێت لە پاچەخۆران.
سوعاد عەلى کابانێکى ماڵ لە دەڤەرى ئامێدى، سفرەکەى بە پاچە رازاندووەتەوە و بە "وشە" دەڵێ، "دروستکردن و ئامادەکردنى پاچە زۆرترین ماندووبوونى دەوێت، بەڵام خواردنێکى پڕ چێژە و ماندووبوون لە بیر دەباتەوە".
پاچە خواردنێکى کۆنى کوردەوارییە، وەک یەکێک لە خواردنە تایبەتەکان تەماشا کراوە و پێشکەش بە میوانانى پایەبەرز و رێزدار کراوە. لە وەرزى زستاندا بەتایبەت خواستى لەسەر دەبێت و وەک کابانە ئامێدییەکە دەڵێ، "پیاوان زیاتر لە ژنان حەزیان لە خواردنى پاچەیە".
نەشوان عەبدولکەریم هاووڵاتییەکى شارۆکەى ئامێدى، بۆ "وشە" باس لەوە دەکات کە لە وەرزى زستاندا زۆرجار لەگەڵ خزم و هاوڕێکانیان بە نۆرە پاچە ئامادە دەکەن و داوەتى یەکترى پێ دەکەن. ئەو دەڵێ، "خواردنى پاچە بەتایبەت لە شەوانى زستاندا چێژى خۆى دەبێت".
پاچە لە کوردەواریدا بە شێوەى جۆراوجۆر ئامادە دەکرێت، دەستڕەنگینى کابانەکان تام و چێژى خواردنەکە جیا دەکاتەوە، بەڵام وەک کابانە ئامێدییەکە دەڵێ، "هەر کابانێک بەشێوازى خۆى چێژ بە خواردنەکەى دەبەخشێت".
پاش کوشتنەوەى ئاژەڵ، ورگ و ریخۆڵەکانى دەردەهێنرێت و پاک دەکرێنەوە، پاککردنەوەکە پێویستى بە ئاوى گەرم و چەقۆ یان هەر ئامێرێکى تیژ هەیە، کابانەکان چەندان جار پارچەکان دەخەنە ناو ئاوە گەرمەکەوە و دووبارە دەست بە پاککردنەوە دەکەن.
هەندێک لە کابانەکان پاچە بەتایبەت دەکوڵێنن و هەندێکى تر برنج و کشمیش و بەهاراتى تێدەکەن، پاش ئەوەى بە داو و دەرزى دەدوورێتەوە و دەخرێتە ناو مەنجەڵى گەورە و لەسەر ئاگر تا ماوەیەکى درێژ دەکوڵێنرێت.
ڤەگێر محەمەد گوشتفرۆشێکى شارەدیێ شێلادزێى سەر بە شارۆکەى ئامێدى بە "وشە" دەڵێ، "لە وەرزى زستاندا خواست لەسەر پاچە زۆر دەبێت، بەڵام زۆرجار لە وەرزەکانى تردا هەر بە خۆڕایى بەخەڵکى دەدەین، چونکە خواست لەسەر پاچە زۆر کەم دەبێتەوە".
ئەو دەڵێ، "نرخى پاچە لە ئاژەڵێکەوە بۆ ئاژەڵێکى تر بە پێى قەبارە و کێش جیاوازى هەیە، بەڵام بەگشتى لە نێوان 20-30 هەزار دینار دەبێت".
ئێستە چەندان چێشتخانەى تایبەت بە پاچە لە شار و شارۆکەکانى هەرێمى کوردستان کراونەتەوە، وەک ڤەگێڕ دەڵێ، "دوو سێ پارچەى بچووکى پاچە لە چێشخانەکاندا بە 10 هەزار و زیاترە، هەر پاچەیەک لە چێشخانەکاندا بە نرخى سەرووى 100 هەزار دینار دەوەستێت".
بەگوتەى گۆشتفرۆشەکە، تەنگژەى دارایى کاریگەرى گەورەى لەسەر فرۆشتنى گۆشتى سوور دروست کردووە، بەڕادەیەک کە پێشتر ئەوان لە رۆژێکدا چوار ئاژەڵیان کوشتووەتەوە، بەڵام ئێستە رۆژانە تەنیا گۆشتى ئاژەڵێکیان بۆ ساخ دەکرێتەوە.
ئامێدى- نەوزاد هلۆریى