پۆستێكی وەزارەتی پێشمەرگە ناكۆكی دەخاتە نێوان یەكێتی و گۆڕان

:: PM:04:50:25/07/2019 ‌
هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لێدوانی جیاواز لەسەر پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن و هەردوو لایەنیش ئەو پۆستە بە هی خۆیان دەزانن و كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە ئامادە كردووە.

پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە دوای وەزیری پێشمەرگەوە، بەدووەم بەرزترین پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە هەژمار دەكرێ و لە ساڵی ٢٠٠٩وە لای یەكێتییە و جەبار یاوەر مەندە لەو پۆستەدایە، بەڵام لە پێكهێنانی كابینەی نوێدا یەكێتی و گۆڕان هەردووكیان ئەو پۆستە بە هی خۆیان دەزانن و داوای دەكەن، هەرچەندە وەزیر لە یەكێتییە.

خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕێككەوتنی ئێمە و پارتی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پشكی گۆڕانە و ئەو پۆستە بە مافی ڕەوای خۆمان دەزانین، بۆیە پێویست ناكات یەكێتی داوای بكات.

زیاتر گوتی، "یەكێتی ساڵانێكی زۆرە پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە دەبات، بەڵام لە كاتی دابەشكردنی پۆستەكاندا پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پشكی گۆڕان بووە."

بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٠٧ی وەزارەتی پێشمەرگە و بەپێی هەیكەلی وەزارەت، پۆستی ئەمیندار دەسەڵاتەكانی فراوانترە بەراورد بە بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە. بریكاری وەزارەت تەنیا ئەو دەسەڵاتانەی هەیە كە وەزیر پێی دەبەخشێت و زیاتر دەسەڵاتێكی سیاسییە و كردەنیی و كارگێڕی و یاسایی نییە.

هەر بەپێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتی لە ڕووی كردنییەوە دەسەڵات و كارەكانی دیاری كراوە، لەناویاندا دەسەڵاتی بەسەر هەشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەت و دادگا سەربازییەكانەوە هەیە و نوێنەرایەتیی وەزیر دەكات لە كۆبوونەوەكان. جگە لەوەش، ئەركی ئامادەكردنی ڕاپۆرتی گشتی لەبارەی پێشمەرگە و بودجەی ساڵانەی وەزارەتەوە لە ئەستۆدایە.

یەكێتی لە كابینەی هەشتیشدا پێداگری لەسەر مانەوەی ئەو پۆستە كردووە لای خۆی و بەگوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە، "لەم كابینەیەش بەهەمانشێوە ئەم پۆستە لای خۆیان دەمێنێتەوە".

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند كە پۆستەكانی وەزیری پێشمەرگە و ئەمینداری وەزارەت یەك پاكێجن و بریكار و سەرۆكی ئەركانیش پاكێجێكن بۆ لایەنێك، بۆیە ئێمە وەك یەكێتی پۆستی ئەمینداری وەزارەتمان لا دەمێنێتەوە. 
ئاماژەی دا، "نەمبیستووە پارتی باسی پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی لای ئێمە كردبێت بۆ گۆڕان، یەكێتیش ئامادە نییە ئەو پۆستە بداتە هیچ لایەنێك و لای خۆی دەیهێڵێتەوە."

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" لە سەرچاوەی ناو یەكێتییەوە وەریگرتووە، یەكێتی لیوا قارەمان كەمال كە ئێستە جێگری سەرۆكی ئەركانە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پۆستی ئەمینداری وەزارەت كاندیدی كردووە و جەبار یاوەر لە پۆستەكەیدا نامێنێت.

سەردار محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە"وشە"ـی گوت، "لەگەڵ پارتی ڕێككەوتووین پۆستی وەزیری پێشمەرگە بۆ یەكێتی، بریكارەكەی بۆ پارتی و ئەمینداری وەزارەتیش بۆ ئێمە بێت، ئێستە نازانین ئەم پرسە بۆ ئاوای لێ هاتووە."

ئەوەیشی خستە ڕوو، "دەبێ پارتی بەرپرسیارێتیی ئەو ڕێككەوتنە هەڵبگرێت و ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە، چونكە ئێمە خاڵ بەخاڵی ڕێككەوتنەكەمان وەك خۆی جێبەجێ كردووە."

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەناو ئەو وەزارەتەدا هاوشانی سوپاسالارە، بەڵام سوپاسالار كاروباری سەربازی لە ئەستۆدایە و ئەمیندار كاروباری مەدەنی ناو وەزارەت.

سلێمانی/ هەستی كەمال



وشە - وشه‌