دەیان ساڵە لە ئامێدى مێرووەکان سەر بەردێکى ناو ئاو چۆڵ ناکەن

:: PM:04:18:13/01/2017 ‌


بەردى منارە، لە خاڵى بەیەک گەیشتنى هەردوو رووبارى زێى بچووک و ئاڤا شین لە ناوچەى گەلى باڵندەدا جێگیر بووە، هەرچەند بەردەکە هەر چوارى دەورى بەئاو گیراوە و لە وەرزى بەهاریشدا بەتەواوەتى ژێر ئاو دەکەوێت، بەڵام دەیان ساڵە بووەتە لانەى مێرووەکان و تا ئێستەش وەک خۆى ماوەتەوە.

بەردى منارە راستەوخۆ لەناو ئاوى رووبارى ئاڤا شین و زێى بچووک هەڵکەوتووە، بەردەکە هەر چوار دەورى بەئاو داپۆشراوە و لە وەرزى بەهار و لەگەڵ هەڵکشانى ئاستى ئاوەکە، بەتەواوەتى ژێر ئاو دەکەوێت، ئەوەى دانیشتووانى دەڤەرەکەى تووشى سەرسوڕمان کردووە، لانەیەکى مێرووەکانە لەسەر ئەو بەردەدا کە بەدرێژایى دەیان ساڵ وەک خۆى ماوەتەوە.

شێخ زادە یاسین بەساڵاچوویەکى ناوچەکەیە و بە "وشە" دەڵێ، "لە تەمەنى 10 ساڵیمدا باوکم باسى ئەو لانە مێرووەى بۆ کردم لەسەر بەردى منارە، من کە منداڵ بووم بەسەر ئەو بەردەدا سەرکەوتووم و بەچاوى خۆم لانە مێرووستانەکەم دیوە".

زیاتر دەڵێ، "مێرووەکان ژمارەیان لە هەزار مێروو تێپەر ناکات، بەڵام سەیر لەوەدایە کە لە وەرزى بەهاردا کاتێک ئاوەکە زۆر دەبێت و هەڵدەکشێت، ئەو بەردە بەتەواوەتى ژێر ئاو دەکەوێت، بەڵام مێرووەکان هەر لەناو ئەو بەردەدا دەمێننەوە و تا لەگەڵ داکشانى ئاستى ئاوەکە و دەرکەوتنەوەى بەردەکە، جارێکى تر بەدەر دەکەونەوە".

بەردى منارە، پێنج مەتر بەرزە و رووبەرەکەى 20 مەتر دەبێت، پێشتر لەسەر بەردەکە درەختێک هەبووە، بەڵام دواتر وشک بووە و ئێستە تەنیا جۆرێک گژوگیاى لەسەر دەڕوێت، لەپاڵ شانە مێرووستانێکدا.



ئەرکان عەزیز یەکێک لە فۆتۆگرافەرانى دەڤەرەکە کە ساڵانێکە وێنە و دیمەنى سروشتى دەڤەرەکە تۆمار دەکات، بۆ "وشە"ى روون  کردەوە، "بۆ یەکەم جار لە دوورەوە هەستم بە جووڵەیەکى کەم لەسەر بەردەکە کرد و دواتر بۆم دەرکەوت شانەى مێرووەکانە، ئەوەش سەرسوڕهێنەر بوو بۆ من کە چۆن لەسەر ئەو بەردە و لە ناوەڕاستى ئاوەکەدا ئەو شانە مێرووە دروست بووە، نازانم لە کوێوە خۆراک پەیدا دەکەن و چۆن دەژین".

عەبدوڵا سدیق کە هاووڵاتییەکى گەلى باڵندەیە، دەڵێ، "مێرووەکان بەتایبەت لە وەرزى هاویندا بەسەر بەردەکەدا پەرش و بڵاو دەبنەوە، بەڵام لە وەرزى زستاندا دەچنەوە ناو شانەکە و دیار نامێنن، ئەوە جگەلەوەى لە وەرزى بەهاردا بەردەکە بەتەواوەتى دەکەوێتە ژێر ئاوە و دیار نامێنێت".

لە دەڤەرى بارزان بەردێکى ترى هاوشێوە هەیە کە چوار دەورى ئاوە و پێشتر لانەى مێرووەکان بووە، بەڵام دواتر مێرووەکان لەسەر بەردەکە نەماون و بۆ ئەوەش خەڵکى دەڤەرەکە حیکایەتێکى تایبەت دەگێڕنەوە.

سدیق کە ئەو حیکایەتەى لە باپیرانى خۆى بیستووە، بۆ "وشە" زیاتر دەڵێ، "بەردەکە لە سنوورى گوندى پرێس هەڵکەوتووە، لانەیەکى مێرووەکانى لەسەر بوو، رۆژێک لە رۆژان لە وەرزى زستاندا، پیاوچاکێک خۆى دەگەیەنێتە سەر بەردەکە و هەندێک گەنم بۆ مێرووەکان بەتایبەت دەبات و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى پێى بژین، چونکە پێى وا بووە لەو وەرزەدا و لەسەر ئەو بەردەدا کە چواردەورى بە ئاو داپۆشراوە مێرووەکان نامێنن".

ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێ، "بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە، شەو خەون دەبینێت، لە خەوەکەیدا گوێبیستى دەنگێک دەبێت کە پێى دەڵێت، ئەو مێرووانە لەسەر رزقى تۆ لەوێ ناژین، پیاوچاکەکە بۆ بەیانى بەخێرایى خۆى دەگەیەنێتەوە سەر بەردەکە و دەیەوێت گەنمەکە بگێڕێتەوە، بەڵام کە سەیر دەکات مێرووەکان لەسەر بەردەکە ناماون و رۆیشتوون".

بەردى منارە لە جۆرى بەردى کسلینە، دانیشتووانى ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە لە سەردەمانى زوودا قەبارەى بەردەکە گەورەتر بووە، بەڵام بەهۆى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و بەرکەوتنى شەپۆڵى بەردەوامى ئاو، تووشى داڕووخان و بچووکبوونەوە چووە.

گەلى باڵندە- نەوزاد هلۆرى



وشە - ڕێبین فه‌تاح