عێراق.. لە ترسی خۆپێشاندەران سێشەم كرایە پشوو

بڕیارە سێشەم لایەنگرانی سەدر و رێكخستنەكانی رەوتی دیموكراسی لەسەر بانگەشەی موقتەدا سەدر، خۆپێشاندانێكی فرەوان لە بەردەم دادگەی ساعە لە بەغدا ساز بكەن، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵیش ئەو رۆژە لە دامەزراوەكانی دەكاتە پشوو و سەلامەتی دادوەر و فەرمانگەكانی دەخاتە ئەستۆی حكوومەت. 

هەفتەی رابردوو دادگەی فیدراڵی عێراق لە وەڵامی تانەی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون لە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 2015 بە هەڵوەشانەوەی پۆستی جێگرانی سەركۆماری عێراق، بڕیارەكەی عەبادی بە نادەستووری لە قەڵەم دا، ئەوەش وای كرد كە موقتەدا سەدر بانگەشە بۆ خۆپێشاندانێكی فرەوان بكات.

راگەیاندنی پشووی سێشەم لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری لە بارەگەی سەرەكی و دامەزراوە دادوەرییەكانی تر كە لە دەوروبەری بارەگەن لە ناوەڕاستی ، هاوكاتە لەگەڵ ئەو وادەی سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد بۆ كۆبوونەوە و خۆپێشاندان، ئەوەش لە ترسی بەریەككەوتن و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندەران.

دەسەڵاتی دادوەری لە بەیاننامەیەكی لە دوای كۆبوونەوەی بۆ تاوتوێكردنی دۆخی دادوەری لە عێراق، رای گەیاند كە كۆبوونەوەكە بڕیاری پشووی داوە لە بارەگای دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵ و هەموو دامەزراوەكانی دادوەری دەروبەری و پەیمانگەی پەرەپێدانی دادوەری و دادگەی ناوەندی تاوانەكان (دادگەی ساعە) لە رۆژی سێشەم كە هەمان ئەو رۆژەیە كە بۆ خۆپێشاندان لەو ناوە دیاری كراوە، ئەوەش بۆ رێگرتن لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندەراندا. 

كۆبوونەوەكە داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە فەرمان بە پاراستنی دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی و فەرمانبەران و خێزانەكانیان بدات و رێگری لە چوونەژوورەوەی كەسانی دزەكار بۆ ناو خۆپێشاندانەكان بكرێت بۆ چوونە ناو ئەو بارەگە و دامەزراوانە و دەستكاریكردنی تۆمار و موڵك و ماڵی گشتی. 

هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر وەك ناڕەزاییەك لە بەرامبەر بڕیارێكی دادگەی فیدراڵ بە نادەستووریكردنی بڕیارەكەی پارساڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەركۆماری عێراق، داوای خۆپێشاندانێكی ملیۆنی كرد لە بەردەم دادگەی ساعە لە بەغدا.

سەدر بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی بە گەڕاندنەوەی گەندەڵكاران بۆ دەسەڵات حسێب كرد و بڕیاری وەستاندنی گفتوگۆكانی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی دا و ئامادەیی خۆشیانی وەك رەوتی سەدر بۆ خوێنڕشتن لە پێناو چاكسازی دووپات كردەوە.

وشە/مەدا پرێس-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:02:31:16/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 3912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌