ئەو هاووڵاتیانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردسان دا ناو و بەرواری لەدایك بوونیان گۆڕیوە لە ساڵانی ڕابردوو دا كارتی نیشتیمانیان بۆ دەرناهێنرێت لە ئێستادا، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و كاروباری شارستانی هەولێریش دەڵێت هۆكارەكە تۆمار نەكردنی داتاكانە لە بەغدا و ئێستا هەماهەنگی كراوە و لەم ساڵ دا كێشەكە چارەسەر دەكرێت.
عەمید عەبدلرحمان ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و كاروباری شارستانی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئەو كەسانەی كە ناو و بەرواری لە دایك بوونیان گۆڕیوە لە ساڵانی ڕابردوو دا كێشەیان هەیە لە ئێستادا بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە ناو و داتاكان تا ئێستا لە بەغدا تۆمار نەكراوە و لە دوای ساڵی 2003وە بەغدا هەر به سەر یاسا كۆنەكەی عێراقی دەڕوات و لەڕووی كارگێریەوە تێكەڵاوی نەكراوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دا.
ڕونیشی دەكاتەوە ئێستا هاووڵاتیەكی زۆر تووشی ئەم كێشەیە بوون و هەماهەنگی بەردەواممان هەیە كە لەم ساڵ دا و لە ماوەیەكی نزیك دا بتوانین ئەم كێشەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین.
ئەو بەڕێوەبەرەی ڕەگەزنامە و كاروباری شارستانی لە هەولێر ئەوەش دەخاتە ڕوو كە لە ساڵی 2016 دا 58 هەزار و 800 كارتی نیشتیمانی دەرهێنراوە بۆ هاووڵاتیان لەم ساڵیش دا بڕیارە پێنج فەرمانگەی تر لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ئەم مەبەستە بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئاسانكاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بكرێت بۆ ئەوانەی كە تا ئێستا كارتی نیشتیمانیان دەرنەهێناوە.
چاوەڕێ دەكرێت لەم ساڵ دا ڕێژەیەكی زۆر زیاتر بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بەژداریان هەبێت و كارتی نیشتیمانیان بۆ دەربهێنرێت.
هەولێر: هێمن ڕەفیق