بە مەبەستی چاو خشاندنەوە بە نرخی كرێی موڵكەكانی و ڕێكخستنی لەگەڵ بازاڕی ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی موڵكەكانی وەردەگرێتەوە كە ئێستا بە كرێی داوە بە خەڵك، گوتەبێژی وەزارەتهكهش دەڵێت لیژنەیەك بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقافی شارەكان پێك هاتووە بۆ ڕێكخستنەوەی نرخی كرێی موڵكەكانی وەزارەت و وەرگرتنەوەیان لە خەڵك.
نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند: وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی موڵكەكانی سەر بە ئاوقافی شارەكان هەڵمەتێكی دەست پێ كردوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو موڵكانەی كە بە كرێیەكی ڕەمزی دراوە بە خەڵك و هاووڵاتیان لە شارەكان دا كە زۆربەیان پێك هاتوون لە هۆتێل و ڕیزێك لە دوكان و موڵكی بازرگانی.
ڕونیشی دەكاتەوە ئامانج لەو كارە ڕێكخستنەوەی نرخی كرێی موڵكەكانی وەزارەتی ئەوقافە كە لەگەڵ نرخی بازاڕ بگونجێت لە ئێستادا.
نەبەز ئیسماعیل ئاماژە بەوەش دەكات كە پارەی بە كرێ دانی موڵكەكانی وەزارەت ناچێتەوە بۆ گەنجینەكانی حكوومەتی هەرێم، بەڵكو پێداویستی و خەرجیەكانی وەزارەتی ئەوقافی پێ دابین دەكرێت.
هەولێر: هێمن ڕەفیق