دوای زیادبوونی فاكتەرەكانی خۆجوانكردن و ڕازانەوەی خانمان، كچانی بەغدا بۆ جوانتردەركەوتنیان، پێشوازیی گەرمیان لەو فاكتەرانەی خۆڕازاندنەوە كردووە و بە شێوەیەكی بەربڵاو لێنزی چاو بەكار دەهێنن.
یەكێك لەو فاكتەرانەی خۆ ئارایشتدان، لێنزی وابەستكراو (عەدەسەی چاو)ـە و كچانی ئەو شارە بە شێوەیەكی بەربڵاو بەكاری دەهێنن، بە جۆرێك بەشی زۆری كچانیان، هاوشێوەی ماكیاژی رۆژانە و وەك كل و ماسكارە لەسەر چاویان دایدەنێن و ناتوانن دەستبەرداری بن، بەو پێیەی پێیان وایە ڕەونەق و جوانییەكی تر بە چاوانیان دەبەخشێت.
پێ دەچێت، بایەخدانی گۆرانیبێژ و شاعیران بە جوانیی چاو، هۆیەكی ئەو جوانتر دەرخستنەی چاو بێت لەلایەن خانمانەوە.
هاونیشتمانییەكی بەغدا دەڵێت: ئەوەی كچان پەنایان بۆی دەبرد، ئێستە گۆڕاوە و كوڕە لاوەكانیش پێیان خۆشە ڕەنگی چاویان بگۆڕن، بەشێك ئەوە بە لاسایی و بەشێك بۆ ڕكابەریكردنی كچانی دەگەڕێننەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بەشێك لە كچان، بەكارهێنانی ئەو لێنزانە، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە تا پارێزگاری لە چاویان بكەن و باشتر ببینن.