له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كۆتایى مانگی تهمووز، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش له تاقیكردنه‌وه سهخهتهكهى نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ى پێوه‌ندى به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه هه‌یه، چونكه له‌گه‌ڵ كۆتایى هاتنى تهمووز ئه‌و واده‌یه‌یش كۆتایى دێت كه بۆ ئه‌و هێزانه‌ى دانابوو، به‌ڵام تا چه‌ند ئه‌و هێزانه پابه‌ند ده‌بن به بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، ئه‌مه تا ئێسته زۆر روون نییه.
عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له 24ى كانوونى یه‌كه‌م، حكوومه‌تێكى نوێى راگه‌یاند. له‌ماوه‌ى كه‌متر له ساڵێك كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ى قوڵ رووبه‌ڕووى ئه‌و حكوومه‌ته بووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ته‌نگژه‌كان خودى پێكهێنانى حكوومه‌ته‌كه‌یان گرته‌وه. ئێسته‌یش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌گه‌ڵ كۆتایى ئه‌م مانگه ته‌نگژه‌یه‌كى تر یەخەى عادل عه‌بدولمه‌هدى و حكوومه‌ته‌كه‌ى بگرێت، چونكه ئه‌و واده‌یه كۆتایى دێت كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ته‌وه بۆ لایه‌نه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى دیاری كرابوو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه و جارێكى تر له‌ناو هێزه سەربازییەکانی عێراق رێك بخرێنه‌وه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بڕیاره‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ره‌ت بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش ئه‌ركه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى قورس ده‌كات. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ره به‌ره بڕیاره‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى متمانه‌ى خۆى له ده‌ست ده‌دا، چونكه به‌ر له هه‌موو شتێك خۆى پێشیلى بڕیاره‌كه ده‌كات و له‌لایه‌كى تریشه‌وه باس له‌وه ده‌كرێت، ئێران له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته گوشارى بۆ سه‌ر عه‌بدولمه‌هدى زیاد كردووه.
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، یاخیبوونى چه‌ند لایه‌نێكى حه‌شدى شه‌عبى له بڕیاره‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى به‌رده‌وامه له كاتێكدا ده‌رفه‌تێكى زۆر كه‌م بۆ ئه‌و واده‌یه ماوه‌كه دیارى كرابوو.
له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌ندێك هێزى حه‌شدى شه‌عبى سه‌ره‌تایه‌كه بۆ گومانكردن له جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى، له راپۆرته‌كه هاتووه " هه‌فته‌ى رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدى له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌به‌ك پاشگه‌ز بوویەوه، ئه‌م هێزە له‌لایه‌ن وه‌عد قه‌دۆ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا ده‌یگرێته‌وه. ئه‌و پاشگهزبوونهوهیش گومانێكى زۆرى وروژاندووه له‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى تواناى هه‌بێت بڕیاره‌كه‌ى له‌باره‌ى حه‌شدى شه‌عبى جێبه‌جێ بكات".
لهبهشێكى تر‌ى راپۆرته‌كه ناوى ئه‌و هێزانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ئاشكرا ده‌كرێن كه تا ئێسته ئاماده نین ملكه‌چى بڕیاره‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بن، ئه‌وانیش بریتین له حزبوڵاى لبنانى و نوجه‌با و حه‌شدى شه‌به‌ك و میلیشیاى سه‌ید شوهه‌دا. ئه‌و هێزانه ئاماده نین باره‌گا و جبه‌خانه‌كانى خۆیان راده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت بكه‌نه‌وه، هاوكات باس له‌وه‌یش ده‌كرێت سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له گوشار خستنه سه‌ر عه‌بدولمه‌هدى به‌رده‌وامن تا به ته‌واوى له بڕیاره‌كه‌ى پاشگه‌ز بێته‌وه.
به‌رپرسێكى حكوومه‌تى عێراق باسى له‌وه كردووه، سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بیانوویه‌كیان كردووه‌ته كارتى گوشارهكهیان، بیانووهكهیش ئه‌وه‌یه حه‌شدى شه‌عبى له‌لاى ئه‌وان وه‌ها پێناسه كراوه كه چه‌ند هێزێكى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئیسلامین و خه‌سڵه‌تێكى هه‌رێمایه‌تییان هه‌یه و له دژى ئیسرائیلن، بۆیه ناكرێت گه‌مارۆ بدرێن.
چاودێرانى سیاسى ئه‌و پاساوه‌ى سه‌ركرده‌كانى حه‌شد به لاواز ده‌زانن، چونكه كاتى خۆى حه‌شدى شه‌عبى به فتوایهكى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه له دژى رێكخراوى تیرۆریستى داعش دروست بووه، نه‌وه‌ك له دژى ئیسرائیل.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى حكوومه‌ت كه ناوى ئاشكرا نه‌كراوه دووپاتى ده‌كاته‌وه، به ته‌نیا سه‌ركرده‌كانى حه‌شد گوشار ناخه‌نه سه‌ر عه‌بدولمه‌هدى، به‌ڵكو چه‌ندان به‌رپرسى ئێرانیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى له پێوه‌ندى به‌رده‌وام دان.
به‌رپرسه‌كه‌ى حكوومه‌ت له درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌ىدا دان به‌وه‌یش ده‌نێ، جیاكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك له لایه‌نه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه وا ده‌كات تواناى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه لاواز بێت.
تا ئێسته دیار نییه، عادل عه‌بدولمه‌هدى چۆن رووبه‌ڕووى ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شدى شه‌عبى ده‌بێته‌وه كه سه‌رپێچى بڕیاره‌كه‌ى ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێشتر راوێژكارێك باسى له‌وه كردبوو، هه‌ر هێزێك ئاماده نه‌بێت پابه‌ندى بڕیاره‌كه بێت ئه‌وا له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه وه‌ك هێزێكى یاخى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه چه‌كیان به‌ڕووى ده‌وڵه‌ت هه‌ڵگرتووه.
عه‌بدولحوسێن هونهین راوێژكارى عادل عه‌بدولمه‌هدى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى پێشتر دووپاتى له‌سه‌ر سزادانى ئه‌و هێزانه كردووه‌ته‌وه كه له بڕیاره‌كه یاخى ده‌بن و هه‌روه‌ها گوتوویه‌تى "كه‌مینه‌یه‌ك رازى نین".
جه‌واد مووسه‌وى كه په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى سائیروونه له راگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێ "هه‌ر هێزێكى حه‌شد له‌م بڕیاره یاخى بێت ئه‌وا نیشانه‌یه‌كى روونه كه سه‌ر به ده‌ره‌وه‌یه". به‌ها ئه‌عره‌جى كه پێشتر جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق بوو، له لێدوانێك كه له رۆژنامه‌ى
عه‌ره‌بى جه‌دید بڵاوكراوه‌ته‌وه، گومان ده‌كات عادل عه‌بدولمه‌هدى بتوانێ بڕیاره‌كه‌ى جێبه‌جێ بكات، چونكه حه‌شدى شه‌عبى بوونه‌ته حزب و "ته‌نانه‌ت له حزبیش به‌هێزترن".