كاندیدی وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:03:23:04/10/2016 ‌
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی موتەحیدوون (سونە) ئاشكرای دەكات كە جابر ئەلجابری تاكە كاندیدی هاوپەیمانی موتەحیدوونە بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری كە مافی هاوپەیمانیەتییەكەیە.

لە سەرەتای مانگی ئابی رابردوو لێپرسینەوە لە پەرلەمان لەگەڵ خالید عوبێدی وەزیری بەرگری عێراق كرا و چەند تۆمەتێكی خرایە پاڵی، دواتر پەرلەمان دەنگی بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە عوبێدی دا و لەو پۆستە دوور خرایەوە، ئێستە پۆستەكە بە وەكالەت لەلایەن خودی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەبرێت.

عزەدین دەولە پەرلەمانتاری موتەحیدوون ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە جابری تاكە كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی بەرگری عێراق و گۆڕانكاری بە وەزیران لە ناو یەكێتی هێزە عێراقییەكان رەت دەكەنەوە.

لای خۆیەوە سەعد حەدیسی گوتەبێژی بەناوی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵی یەكلاكردنەوەی فایلی وەزارەتە بێ وەزیرەكان لە نزیكترین كات دەدات و بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ لە نێوان هێزە سیاسییەكانەوە هەیە و ناوی ژمارەیەك كاندیدیش خراونەتە پێش عەبادی كە ئەو گرنگی بە ژیاننامە و توانستی ئەوان دەدات.

تا ئێستە ژماریەك وەزیری عێراق بێ وەزارەتن و بەوەكالەت بەڕٍێوە دەچن، هەریەك لە وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و ناوەخۆ وەزیرانیان دەستیان لە كار كێشاوەتەوە و وەزیرانی بەرگری و داراییش لەكار لادراون، بۆیە حەیدەر عەبادی لە زۆرێك لە وتارەكانی قسە لەسەر باسەكە دەكات كە ناكرێت وڵات بێ وەزیرانی ئەمنی و دارایی بەڕێوە بچێت.

وشە/غەد پرێس-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل