سه‌رۆكی داهاتووی سی ئای ئه‌ی:ئێران ڕۆڵی تێكدان و وێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێ

:: AM:11:03:14/01/2017 ‌


مایك پۆمپیۆ كاندیدی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا "سی ئای ئەی" ئاشكرای كرد، ئێران بە ڕوونی فێڵ دەكەن و كار بۆ ئامانجەكانیان دەكەن، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كە لەلایەن ترەمپیشەوە داوای ڕەتكردنەوەی كراوە.

پۆمپیۆ لە میانەی دانیشتنێكی لەگەڵ ئەنجوومەنی پیران كە تایبەت بوو بە جێگیركردنی كاندیدانی پۆستە جیاجیاكانی حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ. گوتی، سیستەمی پشكنین لە پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران كارێكی باشە، بەڵام ئەمە بەس نییە.

ناوبراو ڕەخنەی لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گرت و بەرهەڵستی خۆی بۆ ڕێككەوتنەكە نەشاردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا كە لەو كاتەی سەرۆكی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریكا وەردەگرێ، بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەبنە بۆچوونی ئەو.

هەروەها گوتی، ئێران یاریی تێكدان و ڕۆڵی وێرانكەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت، بۆیە لەگەڵ ترەمپ لەسەر ئێران ڕێك كەوتووین و هاوڕاین، بەڵام لەسەر ڕووسیا جیاواز بیر دەكەینەوە.

لەبارەی سیاسەتەكانی مۆسكۆش پۆمپیۆ گوتی، ڕووسیا بەشێوەیەكی دوژمنكارانە لە ئۆكرانیا مامەڵە دەكات و هەڕەشەش لە ئەوروپا دەكات، هیچ كارێكیش بۆ تێكشكاندنی داعش ناكات.

ئاماژەی دا، هێرشە ئەلیكترۆنییەكانیش كارێكی دوژمنكارانەن، دووپاتی لەوە كردەوە كە ڕاپۆرتەكەی هەواڵگری ئەمەریكا ورد و تەواوە و حكوومەتی ڕووسیا لە هێرشە ئەلیكترۆنییەكان دەستوەردان و تێوەگلانی هەیە.

لەو ڕۆژانەدا ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا وردە وردە بانگی كاندیدانی حكوومەتەكەی ترەمپ بۆ پۆستە جیاجیاكان دەكات، بۆ ئەوەی لێیان بكۆڵێتەوە و لە بۆچوونەكانیان بگات و متمانەیان پێ بدات، ئەوەی جێی سەرنجە زۆرینەی هەرە زۆری كاندیدانی حكوومەتی ترەمپ بە توندی دژی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانن و داوای پێداچوونەوەی تەواوەتی بە ڕێككەوتنەكە دەكەن، هاوكات دۆناڵد ترەمپیش لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا ئاشكرای كرد، كە ئەو كاتەی دەبێتە سەرۆكی ئەمەریكا، ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدڕێنێت.

سەرچاوە/العربیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د