گوته‌بێژی پارتی: گۆڕانكاری خێرا له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ن ده‌بێ خۆمان ڕێك بخه‌ینه‌وه‌

:: PM:02:11:14/01/2017 ‌


کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەمڕۆ پێشنیوەڕۆ لە پیرمام بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەڕێوەچوو باس لە کۆمەڵێک پرسی گرنگی تایبەت بە ناوخۆی پارتی، هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و دەرەوە کرا.

مەحموود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەکە بۆ میدیاکان قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت کاروباری ناوخۆی پارتی چاکتر لە جاران بەرێوە بەرێت.

لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ئەوەش کرا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانە بکات و پێوەندییەکان بە چ شێوەیەک لەگەڵ بەغدا رێک بخات.
ئەو باسی لەوە کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مەبەستی کۆتایی هێنان بە کێشەکانی ناوخۆ دەیەوێت ناوەڕۆکی پڕۆژەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مکانیزمێک جێبەجێ بکات کە سەرجەم لایەنەکان پێی رازی ببن.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ناوچەکە لە گۆڕانکاری خێرادایە و دەبێت کوردیش بەو خێراییە ناوماڵی خۆی رێک بخات ئەگەرنا لە گۆڕانکارییەکان جێدەمێنێت و زیان بە کوردستان دەگات.

ئەو پێداگری لەوە کرد کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە هاوکاری یەکتر وڵات بەڕێوەبەرن و پەرلەمانیش بە زووترین کات کارا بکرێتەوە تەنانەت ئەگەر ماوەیەکی کەمیش لە تەمەنی مابێت.

سەبارەت بە شنگالیش گوتی بەشێکە لە خاکی کوردستان و دەبێت بە گوێرەی یاسا و رێساکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت نەک یاسا و ریسای شوێنی تر و داوای لەو هێزانەش کرد کە لە سنوورەکەن بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە، چونکە خەڵکی شنگال زیانیان بەرکەوتووە و نابێت رێگە بدرێت زیانی زیاتریان پێبگات.

 



وشە - سلێمان تاشان