بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردووە و ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێكی تری پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەنێرێت، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانیش دەڵێ، لە بەغداوە پێوەندییان پێوە كردوون و پێیان ڕاگەیاندوون كە لەم هەفتەیەدا پارەی گەنمی جووتیاران لە بەغداوە بەشێوەی چەنكی بانكی دەنێردرێت.
غەریب مستەفا بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، چوارشەمی هەفتەی ڕابردوو لە میانەی كۆبوونەوەی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمان، ڕاستەوخۆ پێوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئەنجام دا و ئەوان پێیان گوتین هەفتەی داهاتوو واتە ئەم هەفتەیە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2015 و 2016 ڕەوانە دەكرێت.
هەروەها گوتی، بەغدا بڕی 104 ملیار دیناری گەنمی 2014 و 2015ی سلێمانی لا ماوە، هەروەها 121 ملیار دنیاری سنووری پارێزگای هەولێر و 86 ملیار دیناری دوو ساڵی ڕابردووی دهۆكیش لە بەغداوە نەنێردراوە و بڕیارە لەم هەفتەیە نیوەیان بنێردرێت.
ئەمین ساڵح بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە بەغداوە ئاگەدار كراینەوە كە پارەی گەنمی جووتیاران لەم هەفتەیە خەرج دەكرێ و چەكی بانكی پارەكە دەنێردرێتە كوردستان. بڕیارە نیوەی پارەی گەنمی جووتیارانی 2016 بۆ سلێمانی بنێردرێ كە 150 ملیار دیناری عێراقییە.
بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی گەنم و سەرپەرشتی سایلۆكان دەسەڵاتێكی حكوومەتی ناوەندە، ساڵانە سایلۆكان لە شارەكانی عێراق گەنم لە تەواوی جووتیاران وەردەگرن بۆ ئەوەی هەڵبگیرێ و بۆ خواردەمەنی سوودی لێ وەربگیرێ، لە بەرامبەر ئەوەشدا حكوومەتی ناوەند بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕێك پارە دیاری دەكات و بە جووتیارانی دەدات، ماوەی سێ ساڵە پارەی گەنمی جووتیاران بە تەواوی دوا دەكەوێت و زۆربەی ئەو گەنمەش سایلۆكان وەری دەگرن هی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، بەو هۆیەوە زۆر جار جووتیارانی كوردستان ناڕەزایی و نیگەرانی لە بەرامبەر دواكەوتنی پارەی گەنمەكانیان دەردەبڕن.
سلێمانی/هۆشیار عەلی.