پڕۆفیسۆر جەمال رەشید، ئەو مێژوونووسەی زۆری بۆ كورد كرد

:: AM:11:25:04/08/2019 ‌

پڕۆفیسۆر جەمال رەشید وەك مێژوونووس و پسپۆڕ لە مێژووی كۆنی كورد و كوردستاندا، هاوكات ئاكادیمی و خەباتكار لە پاراستن و ساغكردنەوە و نووسینەوەی مێژووی نەتەوەكەی و ناساندنی بە نەوەكانی كوردستان و هەموو ئەوانەی ویستوویانە راستییەكان لەبارەی كوردەوە بزانن. بەڵام دكتۆر جەمال زۆری بۆ كورد كرد و كوردیش كەمی بۆ كرد. بۆیە  لە دەستدانی زانا و پڕۆفیسۆڕێكی زۆر بەتوانا كە لە كاتێكدا كورد لە هەموو بوارەكانی تر پێویستی پێیەتی، زیانێكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان بەگشتی و بۆ ناوەندەكانی توێژینەوە و مێژوونووسان بەتایبەتی.

جەمال رەشید یەكەم مێژوونووسی كوردە خۆی خزاندووەتە قووڵایی مێژووی كورد و رەگوڕیشەی مێژووی كوردی  بەشێوازێكی ئەكادیمی و بوێرانە و راستگۆیانە نووسیوەتەوە كە پێشتر نە لە كورد و نە غەیرە كوردیش بەم شێوازە ئەكادیمی و راستگۆیانە و زانستییانە مێژووی كۆنی كوردیان نەنووسیوەتەوە. خاڵێكی تری گرنگی ئەوەیە بە زمانی عەرەبی و ئاراستەكراو بۆ رۆشنبیرانی عەرەب نووسینەكانی بڵاو كردووەتەوە، بەتایبەتی وەڵامی ئەو نووسەر و مێژوونووسانەی عەرەبی داوەتەوە كە دەڵێن كورد لە رەگەزی جنۆكەیە و بوختانی زۆریان بۆ كردووە. كەواتە لە رێی زمانی عەرەبییەوە خزمەتی بە دۆزی كورد كردووە و بەپێچەوانەی ئەو رۆشنبیرە بە ڕەگەز كوردانەی خزمەتی زمانی و مێژوو و ئەدەبیاتی بیانیان كردووە.

لەسەر ناوەڕۆكی بەرگی سێیەمی كتێبە مەزنەكەی (سەرهەڵدانی كورد لە مێژوودا)"*" ئاریشەیەكی زۆری بۆ دەنێنەوە، بەتایبەتی ناوەڕۆكی بەرگی سێیەمی كتێبەكەی لە بازاڕ دەكێشنەوە و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان دەیسووتێنن. 

پێم باشە تیشكێك بخەینە سەر ژیان و بەرهەمەكانی دكتۆر جەمال و ناساندنی بە نەوەكانی ئێستە و داهاتوو. جەمال سەید رەشید سەید ئەحمەد شاهۆیی ناسراو بە "دكتۆر جەمال رەشید"، لە ساڵی 1941 لە قەڵای كەركووك لە دایك بووە. قوتابخانەی سەرەتایی لە قوتابخانەكانی "قەڵای یەكەم و قەڵای دووەم" تەواو كردووە و ناوەندی و ئامادەییشی لە دواناوەندی موسەڵا تەواو كردووە، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكان "بەشی زمانیی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆیی بەغدا" تەواو دەكات و دەبێتە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی "حەسار" لە باكوری رۆژهەڵاتی كەركووك، لە پشووی هاوینی ساڵی 1968 و بە مەبەستی خوێندنی باڵا دەچێتە بولگاریا و لە شاری سۆفیا لە بواری مێژووی كۆنی كورد، بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا بەدەست دێنێت.

لە ساڵی 1973 لە بەشی كوردی زانكۆی سلێمانی بە مامۆستای مێژوو دادەمەزرێت. لە ساڵی 1974 پێوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول دەكات و وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەبێت بە پێشمەرگە و لە بۆردمانەكەی قەڵادزێ‌ لەوێ‌ دەبێت. 
لە ساڵی 1975 و لە نسكۆی شۆڕشدا هاوڕێ‌ لەگەڵ "میر تەحسین بەگ" میری ئێزیدییان روو دەكاتە دیمەشق و لەوێوە دەچێتە هۆڵەندا، لە ساڵی 1980 دەگەڕێتەوە وڵات و لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دەبێتە مامۆستا و هەر لە هەمان ساڵدا هاوسەرگیری لەگەڵ نووسەر و رۆشنبیر دكتۆر كوردستان موكریانی دەكات.

لە ساڵی 1982 لەپاش خۆپێشاندانەكەی قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدین و جەماوەری شاری هەولێر، دكتۆر جەمال لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە رێكخەر و پاڵپشتی راپەڕینەكە تۆمەتبار دەكرێت و وەك سزایەك دەیگوازنەوە بۆ بەسرە، بەڵام ناڕوات. دواتر دەیگوازنەوە بۆ بەشی زمانی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا. دكتۆرە كوردستانی هاوژینیشی دەگوازرێتەوە بۆ "دەزگای رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی لە بەغدا" و دەبێتە سكرتێری نووسینی گۆڤاری "رۆشنبیریی نوێ‌". دواتر دەگوازرێنەوە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین و لە پاش راپەڕینەكەی بەهاری 1991 كە بەشداریی تێدا دەكات، لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەكانی دەچێتەوە بۆ هۆڵەندا، لەوێ‌ خۆی تەرخان دەكات بۆ نووسینی مێژووی كورد، تا پرۆسەی ئازادیی عێراق لە 2003 دەگەڕێتەوە كوردستان و وەك ئەندامی كارا لە كۆڕی زانیاری كورد دادەمەزرێت. لە ڕۆژی 18/12/2016 لە هەولێر كۆچی دوایی دەكات.

 وشە/ ستار جەباری








وشە - وشه‌