خانمە ئەستێرەی تەلەڤزیۆنیی ئەمەریكایی كیم كارداشیان، بۆ جاری دووەم رووبەڕووی دزی لێكردن بووەوە، ئەمەش لە فرۆشگەیەكدا كە بە هاوبەشی خۆی و كڵۆی و كۆرتنی خوشكی خاوەنداری لێ دەكەن.
لەوبارەیەوە گۆڤاری tmzی ئەمەریكایی بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ هەینی رێكەوتی 13ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، فرۆشگەی Dash كە هی كیم كارداشیان و كڵۆیی خوشكیەتی، رووبەڕووی دزینی كەلوپەلەكانی بووەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەكە، بەهای كەلوپەلە دزراوەكانی فرۆشگەكەی ئەو دوو خوشكە، بە هەزار و 600 دۆلار مەزەندە دەكرێت، بە شێوەیەك كە ژنێكی نەناسراو چووەتە ناو فرۆشگەكە و بایی ئەو نرخە جلوبەرگ و بۆنی دزیوە و دواتر هەڵاتووە.
جێی ئاماژەیە، لە رێكەوتی سێی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری رابردووشدا، كیم كارداشیان لە ژوورەكەی خۆی لە یەكێك لە هۆتێلەكانی پاریس، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرشی كرایە سەر و بڕێك لە گەوهەرەكانی لێ دزرا، كە نرخەكەیان بە نۆ ملیۆن یۆرۆ (دەكاتە 10 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێنرێ، لە نێوان ئەو گەوهەرانەدا ئەنگوستیلەیەك هەبوو كە بە تەنیا نرخەكەی چوار ملیۆن یۆرۆ بوو.