سه‌لام كه‌ریم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وێڕای خستنه‌ڕوو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی ئێسته‌ی حزبه‌كه، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه شه‌ش سه‌ركرده ناڕازییه‌كه‌ی بزووتنه‌وه كێشه‌یان نه‌ماوه و له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی شورای حزبه‌كه به‌شداری ده‌كه‌ن.
هاوكات باس له پلانی حزبه‌كه‌ی بۆ هه‌ستانه‌وه ده‌كات به كاركردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌تی پێوه‌ندیدار به بزووتنه‌وه و پرۆژه‌یه‌كی ئیحسان مه‌لا عه‌لی به هۆكارێك بۆ هه‌ستانه‌وه ده‌زانێت. ددان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه "جه‌ماوه‌ریان كه‌می كردووه و دۆخی داراییشیان زۆر خراپه و هیچ كه‌ناڵێكیان نییه له رێیه‌وه قسه بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان بكه‌ن".
كۆنفرانستان به‌ست بۆ گۆڕانكاری به‌ڵام هیچ نه‌كرا، له‌به‌رچی؟
به‌ستنی كۆنفرانس بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ده‌ربازكردنی بزووتنه‌وه بوو، چونكه له دۆخێكی خراپ‌دا بووین، به كۆنفرانس ده‌مانویست خۆمان ڕزگار بكه‌ین له‌و قۆناغه چه‌قبه‌ستووه، كۆنفرانسه‌كه باش بوو، به‌ڵام دۆخی خراپی دارایی بزووتنه‌وه ڕێگره له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنفرانس، بمانه‌وێ یان نا نه‌مانتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی باش ئه‌دای كار و به‌رنامه‌كانی كۆنفرانس بكه‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ڕووی داراییه‌وه سفرین، هه‌موو ئۆرگانه‌كانی بزووتنه‌وه ڕاگیراون و چالاكییان وه‌ستاوه.
له په‌رله‌مان بێ كورسین پلانتان چییه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی تێیدان؟
بزووتنه‌وه له ڕووی كادر و زه‌وینه‌سازیی كار و مێژوو و خه‌باته‌وه جیاوازه و توانای هه‌ستانه‌وه‌مان هه‌یه، دۆخه‌كه‌مان گه‌یشتووه‌ته ئاستێك وه‌ك حزبێك كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندنمان نییه، كاتێك بمانه‌وێ بیر له هه‌ستانه‌وه‌ی حزب بكه‌ینه‌وه، لایه‌نی دارایی یه‌خه‌مان ده‌گرێت، خۆیشمان هه‌ستمان به‌وه كردبوو و تا كاتی به‌ستنی كۆنفرانس له ئه‌دا و كاری خۆمان ڕازی نه‌بووین.
بزووتنه‌وه وه‌ك ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی پێش ساڵی 2009 نه‌ماوه، هه‌ست ناكه‌ن خه‌ڵك و جه‌ماوه‌رتان لێ دوور ده‌كه‌وێته‌وه و خه‌ریكه له‌ناو ده‌چن؟
حزب دوو شت ده‌یهێڵێته‌وه، یه‌كه‌میان هاووڵاتی و جه‌ماوه‌ره، ئێمه ده‌زانین ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ری بزووتنه‌وه زۆر كه‌می كردووه، به‌ڵام كادره‌كانمان وه‌ك خۆیان ماون، دووه‌میان ده‌سه‌ڵات و دراو، ئێمه نه ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه و نه دراو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بێته لامان. واته ته‌نیا خاوه‌نی ئه‌و ئه‌ندامه دیاریكراوانه‌ی خۆمانین، راسته ده‌نگده‌رمان نییه، به‌ڵام ئومێدمان هه‌یه له‌گه‌ڵ باشبوونی دۆخی دارایی، بزووتنه‌وه هه‌ستێته‌وه و ئه‌و دۆخه تێپه‌ڕێنێت.
پلانی حزبیتان هه‌یه بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه؟
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌هۆی ئه‌وه‌ی باكگراوند و ئایدۆلۆجیای ئیسلامی هه‌یه، پابه‌ندبوونمان به بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، كۆمه‌ڵێك كه‌سی له ده‌وری خۆی كۆ كردووه‌ته‌وه، بوونی كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و زانینی سیاسه‌ت و كار و به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه زۆر پێویسته، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان نییه. هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كانمان هیچ جێده‌ستیان دیار نییه له شه‌قامدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ خاڵه جێبه‌جێ بكرێت، پلانی زۆرباش ده‌بێت بۆ هه‌ستانه‌وه.
وه‌ك خۆت باسی ده‌كه‌ی ته‌نانه‌ت خاوه‌نی كه‌ناڵێكیش نین بۆ گه‌یاندنی كار و چالاكی و به‌رنامه‌ی حزبه‌كه‌تان، كه‌وایه به‌بێ ڕاگه‌یاندن چۆن هه‌ڵده‌ستنه‌وه؟
هه‌ركات كهناڵێكمان هه‌بێت دڵنیاین له‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌توانین هه‌ستینه‌وه.
ئه‌دا و كاری رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی تا چه‌ند گرنگ بووه بۆ حزبه‌كه، مه‌به‌ستم له ڕابردوو چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك وازیان هێنا، هۆكاره‌كه‌ش بۆ كێشه‌ی ڕابه‌ر بوو؟
رابه‌ری بزووتنه‌وه كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یه و خۆمان ده‌نگمان پێ داوه تا كۆنگره‌یه‌كی تر، ئێسته ڕابه‌ری گشتی خۆی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه تا دوو خول ڕابه‌ر بێت، ماوه‌ی دوو خوله‌كه‌ی له ته‌واوبووندایه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له سه‌ركردایه‌تی نایانه‌وێ واز بهێنێت، به‌گشتیی لاری له‌وه نییه كێ ڕابه‌ری بزووتنه‌وه بێت و هیچ جۆره باڵباڵێنێك له‌ناو حزبدا نییه.
ئایا له ناو سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و شوورا هیچ ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه له‌سه‌ر ڕابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه؟
نا، ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی ناڕازی بوون و به‌هۆی ڕابه‌ر، خۆیان كه ژماره‌یان شه‌ش كه‌س بوو دوور كه‌وتنه‌وه، ڕای ئه‌وانیش گۆڕاوه له‌سه‌ر ڕابه‌ر. ته‌نیا كامیل حاجی عه‌لی له كۆنگره‌ی پێشوو ڕكابه‌ری عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز بوو له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته، ئه‌گه‌رنا هیچ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی بیری له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه بۆ كۆنگره‌ی داهاتوو خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی ڕابه‌ر.
كه‌وایه كه‌س هه‌یه له‌ناو بزووتنه‌وه بتوانێ پۆستی ڕابه‌ر به‌ڕێوه ببات بێجگه له ماڵی مه‌لا عه‌لی؟
هه‌ر كادرێكی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی توانای به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی ڕابه‌ری گشتی و حزبی هه‌یه، به‌ڵام قۆناغه‌كه وا ده‌خوازێت كه مانه‌وه‌ی ڕابه‌ری گشتی ئێسته باشترین بژارده‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی.
ئایا ماڵی مه‌لا عه‌لی ڕێ ده‌ده‌ن كه‌سێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ببێته ڕابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه؟
ڕه‌نگه له دووره‌وه خه‌ڵك وا بزانێ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بزووتنه‌وه‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌ییه، به‌ڵام رابه‌ری گشتی سنوور و ده‌سه‌ڵاتی بۆ دیاری كراوه به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆ، ڕابه‌ری گشتی ده‌ست ناخاته ناو كاروباری ده‌سته‌ی كارگێڕی.
له كۆنگره‌ی ڕابردوو دوو كوڕی مه‌لا عه‌لی دوور خرانه‌وه یان بڵێین ههڵنهبژێرانهوه بۆ سه‌ركردایه‌تی، له‌به‌رچی؟
كوڕه گه‌وره‌ی مه‌لا عه‌لی كه محه‌مه‌د مه‌لا عه‌لییه، خۆی به دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه ده‌زانێت و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌یه له چالاكییه‌كاندا و به‌شداری كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كات، كاك ئیحسانیش خۆی هه‌ڵنه‌بژاردووه.
به‌ڵام باس له‌وه ده‌كرێت ئیحسان مه‌لا عه‌لی پڕۆژه‌ی هه‌یه بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی؟
به‌ڵێ، به‌رنامه و پڕۆژه‌ی تایبه‌تی بۆ بزووتنه‌وه داناوه و گفتوگۆمان له‌سه‌ر كردووه و به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و پڕۆژه‌یه بزووتنه‌وه ده‌باته قۆناغی نوێ، به‌ڵام ئێسته نامانه‌وێ هیچی له‌سه‌ر بڵێین.
ئه‌گه‌ر زانیاریت هه‌بێت له كۆنگره‌ی داهاتوو هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی مه‌لا عه‌لی واته محه‌مه‌د و ئیحسان خۆیان هه‌ڵده‌بژێرنه‌وه؟
له‌ناو سه‌ركردایه‌تی باسی ئه‌و پرسه نه‌كراوه.
دوورخستنه‌وه‌ی ئیحسان عه‌لی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بوو؟
ئه‌و له كۆنگره‌ی ڕابردوو خۆی هه‌ڵنه‌بژارده‌وه، به‌ڵام پێشتر كێشه‌یه‌ك هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، من ئاگاداری نه‌بووم چونكه ئه‌وكات ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی نه‌بووم.
به‌ڵام له ڕابردوودا ئیحسان عه‌لی كه سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه بوو به‌رده‌وام كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئه‌میری كۆمه‌ڵ بوو، ئه‌وه به‌كوێ گه‌یشتووه؟
ئیحسان عه‌لی له‌گه‌ڵ عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌رچی له نێوانیان هه‌بووبێت شتێك بوو پێوه‌نده به ڕابردوو، ئه‌ویش به ناوی خۆیه‌وه قسه‌ی كردووه نه‌ك سه‌ركردایه‌تی حزب، كێشه‌كه ته‌نیا پێوه‌ست بوو به كاك ئیحسان عه‌لی خۆی و مامۆستا عه‌لی باپیر.
به‌ڵام ئایا قسه و لێدوانه‌كانی كێشه‌ی بۆ بزووتنه‌وه دروست كردبوو؟
نامه‌وێ قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه‌كانی كێشه بووایه، ئه‌وا له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوو هیچ لێدوان و قسه‌یه‌كی دژی نه‌كردووه و ده‌توانرا پێوه‌ندییه‌كان ئاسایی بكرێنه‌وه و ببرێنه قۆناغی نوێ.
بۆچی له دوای لابردنی شێخ سدیق ڕابه‌ری پێشتری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، بزووتنه‌وه ساڵ به ساڵ و خول به خولی په‌رله‌مان به‌ره‌و پووكانه‌وه ڕۆیشت، له كاتێكدا له سه‌رده‌می ئه‌ودا جه‌ماوه‌ری بزووتنه‌وه گوڕوتینی هه‌بوو و خاوه‌نی دوو كورسی په‌رله‌مان بوون؟
ناكرێ ببه‌سترێته‌وه به ڕابه‌رایه‌تی ئێسته و ڕابردوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، یه‌كێك له‌وانه له ساڵی 2012 كه تا ئێسته عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌یه، یه‌ك دینار نه‌سریه‌ی وه‌رنه‌گرتووه، هیچكام له سه‌ركردایه‌تی ماوه‌ی ساڵ زیاتره یه‌ك دیناریان وهرنهرگرتووه، هه‌روا نه‌بوونی كورسی له‌م خوله باجی ئه‌و برایه‌تییه بوو كه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو له هه‌ڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو دامان.
شه‌ش ئه‌ندامه ناڕازییه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی كه وازیان هێنا، پێتان وایه له كۆنگره‌ی داهاتوو كێشه دروست ناكه‌ن؟
كۆتامان به كێشه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه هێنا و هیچ گرفتێك نه‌ماوه له نێوان بزووتنه‌وه و ئه‌واندا، له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی شوورا ئه‌ندامه ناڕازییه‌كان ئاماده ده‌بن.
كه‌سیان هه‌یه خۆی هه‌ڵبژێرێت بۆ پۆستی ڕابه‌ر، به‌و پێیه ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ڕابه‌ر هه‌بوو؟
ئه‌وان وه‌ك هه‌ر ئه‌ندامێكی تری سه‌ركردایه‌تی سوورن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز له پۆستی ڕابه‌ری گشتی.
وشه/دیمانه‌ی هۆشیار عه‌لی