بەشێک لە زێرابی ماڵان دەرژێتە رووباری خەلیفانەوە

:: PM:01:18:06/08/2019 ‌

بەشێكی دانیشتووانی شارەدێی خەلیفان ئاوەڕۆی سەرەكییان كردووەتە بیری توالێت و بەڕێوەبەری شارەدێکە دەڵێت، لیژنەیەكمان پێكهێناوە و سزای توندیان دەدەین.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئاب، كاروان كەریم خان گوندەژۆری بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان بە "وشە"ی راگەیاند، بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەك و كۆڵانەكانی خەلیفان كەوتونەتە سەر ڕێڕەوی زێرابی خەلیفان و ئاوەڕۆی ماڵەكانییان دەرژێتە نێو ئاوی زێراب و دواتر ئاوەكە دەچێتە نێو رووبار و بەشێك لە دانیشتوانی بیری توالێتیان نییە و زێرابەكانیان كردۆتە بیری توالیت، ئەمەش دیاردەیەكی زۆر نەشیاوە و دەبێتە هۆی پیسكردنی ڕووباری خەلیفان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئاوبەر وزێرابەكان بۆ ئاوی باران و ئاوی سرووشتی دانراوە نەك بۆ ئاوی حەمام و پاشەڕۆی توالیتی ماڵان، بۆیە ئەو هاووڵاتییانەی ئەو كارەیان ئەنجامداوە رووبەڕووی یاسا و سزای توندییان دەكەینەوە كە لە ئەنجامدا بەهۆی ئەوانەوە رووباری خەلیفان پیس دەبێت.

لەلایەیەكی تریش بە درێژایی رووبار زیل و پاشماوەی ماڵان فڕێ دەدرێتە لێواری رووبارەكان ئەمەش وێڕای بەخشینی سیمایەكی نا شارستانی، لەڕووی تەندروستییەوە ئاوەكە پیس دەكات و ئەوانەی سوود لە ئاوی رووبار دەبینین رەنگە تووشی نەخۆشی ببنن .

كاروان كەریمخان دەڵێ، وەك بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی خەلیفان داواكارییەكمان پێشكەش بە "I O M"ی نێودەوڵەتی كردووە خاوێن كردنەوەی ئەركی رووباری خەلیفان و درووست كردنی قەفەزی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك كە ئەویش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پاراستنی خەلیفان، بۆمان دابین بکەن.

گوندەژۆری دووپاتی دەکاتەوە، لە زۆربەی شوێنەكانی خەلیفان، تا دەگاتە گەلی عەلیبەگ ،هاوینە هەوار و سەیرانگا و ناوچەی گەشتیاری لێیە و پیسبوونی ئاوی رووبارەكە ناڕەزایی گەشتیارانیشی لێ كەوتۆتەوە، ئەم دیاردەیەش تازە نییە و چەندین ساڵ پێش ئێستە كراوە، بۆیە لە ماوەیەكی نزیك لیژنەیەك پێكدەهێنین بە مەبەستی بەدواداچوون و سزادانی ئەو هاووڵاتییانەی زێدەڕۆییان كردۆتە سەر زێرابەكان و بۆ بەرژەوەندی ماڵەكانیان بەكاریان هناوە.

تا ئێستە حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی ناوچەكە نەیانتوانیوە چارەسەری کێشە ئەو زێرابانە بكەن، بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خەلیفان لە رێگەی لیژنەیەكەوە سەرقاڵی لادانی ئەو زێدەڕۆییانە و سزادانی ئەو هاووڵاتییانەیە كە كارەكەیان ئەنجام داوە .

خەلیفان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆرانی پارێزگەی هەولێرە، لە 63 گوند پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 50 هەزار كەس دەبێت.

خەلیفان – موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان