كوێستان ئه‌حمه‌د قایمقامی رواندز، له دیداریكی "وشه"دا راى ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك كێشه و پرسى سنووره‌كه ده‌كات. ئه‌و به ئومێده‌وه ده‌ڕوانێت و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه پڕۆژه‌ى چاوه‌ڕوان نه‌كراویان بۆ خه‌ڵك هه‌یه. كوێستان ئه‌حمه‌د به باشى ده‌زانێت داهاتى سنووره‌كه له پڕۆژه‌كانى ناوخۆى شاره‌كه‌دا خه‌رج بكرێته‌وه.
كێشه‌ی پچڕانی كاره‌با به به‌رده‌وامی هه‌یه، له كاتێكدا دوو پڕۆژه‌ی گه‌وره له شنگلبانه و كۆڕه‌ك ته‌له‌فریك هه‌یه كه 24 سه‌عات كاره‌بای هه‌یه بۆ تا ئێسته سوود له‌و دوو پڕۆژه‌یه وه‌رناگرن؟
بوونى بارى زۆر له‌سه‌ر هێڵه‌كانى كاره‌با له‌و وه‌رزه‌دا و به‌كارهێنانى زیاد له پێویست. هه‌روه‌ها كاره‌باى رواندز، له‌گه‌ڵ هێڵى گونده‌كانى دۆڵى ئاكۆیان گرێ دراوه و جیا نه‌كراوه‌ته‌وه، له ئێسته‌دا خه‌رجى بۆ جیاكردنه‌وه‌ى هێڵه‌كه زۆره، به‌ڵام سه‌ردانى وه‌زیرى كاره‌بامان كردووه، به‌ڵێنى داوه بۆمان جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كاتى پێویسته، به لایه‌نى كه‌م یه‌ك دوو مانگى ده‌وێت. جگه له‌وه‌ش ئه‌و كاته‌ى كاره‌باى رواندز له گونده‌كان جیا كرایه‌وه، ده‌توانین ته‌نیا به‌شه‌و كاره‌با نه‌ده‌ین، به‌ڵكو ده‌توانین سه‌عاته‌كانى پێدانى كاره‌با بگۆڕین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى گونده‌كان مۆلیده‌ى ئه‌هلییان نییه، ناچارین ته‌نیا به شه‌و كاره‌بایان پێ بده‌ین. جگه له‌وه‌ش تۆڕى كاره‌باى رواندز زۆر كۆنه، له داهاتوودا ئه‌گه‌ر دۆخى ئابووریى حكوومه‌ت باش بێت، به‌رنامه‌مان هه‌یه و ده‌رخسته‌شمان بۆ چاككردنى تۆڕى كاره‌باى رواندز كردووه، له ئێسته‌دا هه‌ردوو پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى پانكى گه‌شتیاریى رواندز و كۆڕه‌ك تلفریك، كاره‌باى 24 سه‌عاتیان نه‌ماوه، وه‌ك هاووڵاتییان كاره‌بایان پێ ده‌درێت، ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه بڕاوه.
پڕۆژه‌ی ماڵی حوسێن حوزنی موكریانی كه چه‌ند ساڵ به‌ر له ئێسته به‌ردی بناغه‌ی داندرا، بۆچی بێ ده‌نگی لێ كرا؟
دروستكردنه‌وى ماڵى حوزنى موكریانى له رواندز، پڕۆژه‌یه‌كى رۆشنبیرى و هونه‌رییه، پێشتر له‌لایه‌ن سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان، شوێنى پڕۆژه‌كه له خاوه‌نه‌كه‌ى كڕاوه‌ته‌وه، هیچ كێشه‌یه‌كى تایبه‌تی نییه و تاپۆى زه‌وییه‌كه به‌ناوى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانه، به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌كه‌ش دانراوه، هه‌تا دیزاینى پڕۆژه‌كه‌ش ته‌واو كرا، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پاره‌شى بۆ ته‌رخان كرابوو، هیچ كێشه‌یه‌كى نه‌مابوو، ته‌نیا ئه‌وكات داواى گۆڕینى دیزاینه‌كه‌یان كردبوو، ئه‌ویش كێشه‌یه‌كى وا گه‌وره نه‌بوو، بڕیار بووه ئه‌وكات راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له رێگه‌ى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان جێبه‌جێ بكرێت، دواتریش به‌هۆى دروستبوونى ئه‌و دۆخه بێ ده‌نگى له پڕۆژه‌كه كراوه، هه‌رچه‌نده دۆخه‌كه‌ش له‌بار نییه، به‌ڵام ئێمه له هۆكاره‌كانى جێبه‌جێ نه‌كردنى پڕۆژه‌كه ده‌كۆڵینه‌وه.
پڕۆژه‌ی تاپۆكردنی خانووه‌كانی شار كه چه‌ندان ساڵه ته‌نیا لیژنه دێت هیچ ئومێدێك لای خه‌ڵكی نییه؟
له‌سه‌ر بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، به فه‌رمانى ژماره (1322) ئه‌و دیارییه پێشكه‌ش به رواندز كرا، پڕۆژه‌ى تاپۆكردنى گه‌ڕه‌كه‌كان له 16-11-2016 ده‌ستى پێ كردووه، لیژنه‌یه‌كى باڵا له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران سه‌رپه‌رشتى كاره‌كه ده‌كه‌ن و له رواندزیش لیژنه‌یه‌ك پێك هاتووه، له شاره‌وانی و تاپۆى رواندز، به‌رده‌وامن له كارى خۆیان، ده‌ستپێكى تاپۆكردن له گه‌ڕه‌كى پاشاى گه‌وره (كاولۆكان) ده‌ستى پێ كرد، ئێسته خه‌ریكى كێشانى نه‌خشه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ن و كاره‌كان له كۆتادان، دواتر له گه‌ڕه‌كانى تر‌ى رواندزیش ده‌ست به تاپۆكردن ده‌كرێت.
ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یه هه‌یه كه زیاتر گرنگی به‌و شه‌قامانه ده‌درێ كه به‌رچاون، به‌ڵام شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كانى ناوه‌وه په‌راوێز خراون؟
نه‌خێر، ده‌توانن سه‌ردانى ته‌واوى گه‌ڕه‌كه‌كان بكه‌ن له رواندز، یا قیركراون یان كۆنكرێت، هه‌ندێ گه‌ڕه‌كیش هه‌یه پڕۆژه‌ى بۆ ده‌رچووه و كه‌وتووه‌ته وارى جێبه‌جێكردن، به‌ڵام له‌به‌ر بارى دارایى ته‌واو نه‌كراوه. ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى باسى لێوه ده‌كرێت، ئێمه تێكه‌ڵه‌ڕێژمان بۆ نه‌كردووه، ته‌نیا چاره‌سه‌رێكه به شێوه‌یه‌كى كاتى بۆمان كردوون، له‌سه‌ر داواى خۆیان كردوومانه، ئێمه ئه‌وه‌ى له به‌رژه‌وه‌ندى هاووڵاتییانى خۆمان بێت، به‌پێى ئه‌و توانایه‌ى هه‌مانه ده‌یكه‌ین، هه‌موو گله‌یى و گازانده‌ى هاووڵاتییان له‌به‌رچاو ده‌گرین و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
بۆچی هه‌وڵ ناده‌ن دۆڵی ئاكۆیان و سه‌یرانگه‌ی بێرۆیان سوود له ئاوی بێخاڵ وه‌ربگرن؟ چونكه تا ئێسته سوود له بیره‌كان وه‌رده‌گرن؟
له‌باره‌ى دۆڵى ئاكۆیان و سه‌یرانگه‌ى بێرۆیان و گوندى گه‌ره‌وان، پێویسته پڕۆژه‌كانى ئاویان بۆ باشتر بكرێت، داوامان كردووه و له رێگه‌ى رێكخراوه‌كانى بیانى له هه‌وڵداین، به‌ڵام له‌به‌ر ته‌نگژه‌ى دارایى تا ئێسته هیچ نه‌كراوه، به‌و هیوایه‌ى ئه‌و دۆخه تێپه‌ڕێت و بتوانین ده‌ست به پڕۆژه‌كان بكه‌ینه‌وه. ئه‌و ته‌نگژه‌ى رووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه وه‌ڵامێكه بۆ به‌شێك له پرسیاره‌كانتان، به چاكبوونى دۆخه‌كه زۆر شت ده‌گۆڕێت و پڕۆژه‌ى چاوه‌ڕوان نه‌كراومان بۆ خه‌ڵكى خۆمان هه‌یه، حه‌زمان زۆره بۆ خزمه‌تكردن و ئاوه‌دانى.
پڕۆژه‌ی به‌نداوی پردی رواندز ده‌گوترا جێبه‌جێ بكرێت؟ چی به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه هات؟
به‌نداو و پردى رواندز دیزاینه‌كه‌یان ته‌واو بووه، نه‌خشه‌یه‌كى سه‌رده‌مییانه‌ى بۆ كێشراوه كه به‌نداوێكى گه‌وره له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌توانین له دروستكردنى كاره‌با و ناوچه‌ى گه‌شتیارى سوودى لێ وه‌ربگیرین و پردێكى گه‌وره‌یش له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌و پڕۆژانه له‌به‌ر نه‌بوونى بودجه و بارى دارایى وه‌ستاون و كاریان له‌سه‌ر ناكرێت.
هاووڵاتییان ئومێدیان به تۆ هه‌یه، هه‌ست ناكه‌یت به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه ئومێد و متمانه‌كه له ده‌ست ده‌ده‌ن؟
ئومێدى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست زاده‌ى كاره جوان و كاریگه‌ره‌كانن كه له رابردوودا له شوێنه‌كانى تر به دڵسۆزى ئه‌نجاممان داون، خه‌ڵك بێ ئومێد ناكه‌ین، هه‌میشه له ئاست چاوه‌ڕوانییه‌كانى ئه‌وان ده‌بین، هه‌موو توانایه‌كى خۆمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ خزمه‌تكردنیان و له‌و ماوه كه‌مه و سه‌ره‌ڕایى ته‌نگژه‌ى دارایى، توانیومانه زۆر پڕۆژه‌ى باش بۆ رواندز بكه‌ین، وه‌ك جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى ماسته‌رپلانى بێخاڵ، جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى رواندز، كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى كۆمیسیۆنى رواندز، چاككردنى چه‌ند شه‌قامێكى رواندز، دانانى چه‌ند محاویله‌یه‌ك بۆ یاریگه‌ى رواندز و گه‌ڕه‌كى ناوبازاڕ، هه‌ڵگرتنى تاسه نایاسایییه‌كانى رواندز و دانانى تاسه‌ى پلاستیكى، رێكخستنى هاتوچۆى ناو بازاڕ، هاوكاریكردنى ئاواره‌كان له رێگه‌ى رێكخراوه خێرخوازییه‌كان و رێكخراوه‌كانى بیانى و چه‌ندان پڕۆژه‌ى تر.
بۆچی تا ئێسته له رواندز نووسینگه‌ی توندوتیژی به ئافره‌تان نییه؟
هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و نووسینگه‌یه له رواندز بكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ لایه‌نى پێوه‌نداریش قسه‌مان كردووه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى رواندز و سۆران زۆر له یه‌كتره‌وه نزیكن، زۆرجار به‌و هۆكاره‌وه ئێمه باجمان داوه له كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌كان.
له رواندز كه‌رتی ته‌ندروستی خراپه، بۆ بچووكترین نه‌خۆشی روو له سۆران ده‌كه‌ن؟
كه‌رتى ته‌ندروستى به‌و شێوه‌یه‌ش خراپ نییه كه باسى ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ئاست خواستى ئێمه نییه، چونكه نه‌خۆشخانه‌ى رواندز بچووكه، ته‌نیا چاره‌سه‌ره سه‌ره‌تایییه‌كانى لێ ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌و پشكنینانه‌ى پێویسته بۆ هاووڵاتییان ده‌توانرێت لێى ئه‌نجام بدرێت. له رابردوودا به‌ردى بناغه‌ى نه‌خۆشخانه‌یه‌كى 150 قه‌روێڵه‌یى دانراوه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ى دارایى بووه‌ته به‌ربه‌ست بۆ ئه‌نجام نه‌دانى، چه‌ند كه‌موكوڕییه‌كى تر له كه‌رتى ته‌ندروستى هه‌یه، ئه‌ویش داوامان كردووه وه‌ك نه‌بوونى پزیشكی تایبه‌ت. هه‌روه‌ها دواى نه‌مانى وه‌رزى سه‌رما له‌لایه‌ن خێرخوازێك بنكه‌یه‌كى ته‌ندروستى له‌ناو رواندز ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش تا راده‌یه‌ك كێشه ته‌ندروستییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات.
تۆ ده‌ڵێیت به‌و شێوه‌یه خراپ نییه، كه‌چی خۆیشت ده‌ڵێی چه‌ند كێماسیمان هه‌یه، جگه له‌وانه‌ی خۆت باسی ده‌كه‌ی، تا ئێسته دادی پزیشكی له رواندز نییه، بۆچی؟
پێویسته له رواندز پزیشكى دادى بكرێته‌وه، به‌ڵام كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و نووسینگه و فه‌رمانگه پێویستى به تواناى دارایى و باڵه‌خانه هه‌یه، جگه له‌وانه‌ش ته‌نیا هه‌ر كردنه‌وه نییه، ده‌بێت میلاكاتى بۆ دابنێیت له كارمه‌ند و پزیشكى پسپۆڕ، له ئێسته‌شدا ئه‌وه زۆر ئه‌سته‌مه بكرێت، به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وام هه‌وڵى خۆمان ده‌ده‌ین، نه‌ك ته‌نیا پزیشكى دادى، هه‌ندێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌ى تریش پێویسته له رواندز بكرێته‌وه.
بینای كتێبخانه‌ی گشتیی رواندز به‌ره‌و وێرانی و نه‌مان ده‌چێت، به‌رنامه‌تان چییه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی؟
باڵه‌خانه‌ى كتێبخانه‌ى گشتى رواندز به‌و شێوه‌یه خراپ نییه كه باسى ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك باڵه‌خانه‌ى قایمقامیه‌ت پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌ى دارایى نه‌مێنێت، داواى دروستكردنى بینایه‌كى سه‌رده‌مییانه‌یان بۆ ده‌كه‌ین.
ئه‌و شاره چه‌قی هونه‌ره، كه‌چی چالاكی هونه‌ری روو له لاوازییه؟
رواندز نازناوى پایته‌ختى هونه‌رى هه‌ڵگرتووه، په‌ره‌ش به‌و نازناوه ده‌ده‌ین، چالاكى هونه‌ریمان زۆره و زۆرتریشى ده‌كه‌ین، هه‌رگیز شتێك نییه به‌ناوى فه‌رامۆشكردن، به‌ڵام به‌هۆى وه‌رزى سه‌رما چالاكییه‌كان كه‌مترن به به‌راورد له‌گه‌ڵ وه‌رزه‌كانى تر، بۆ زانیاریتان له ته‌واوى ده‌ڤه‌ره‌كه زۆرترین چالاكى هونه‌رى به‌شى شارى خۆشه‌ویستى رواندزه. هه‌روه‌ها گه‌نجى زۆریشمان له ده‌ره‌وه‌ى رواندز چالاكى ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكى رواندزن و شوێنپه‌نجه‌یان له هه‌موو شوێنێك دیاره.
ده‌گوترێت له سه‌رووی (بانه‌زێوك) هه‌ندێ به‌رپرسی ده‌ستڕۆیشتوو زه‌ویى كشتوكاڵیان به ناوی جیاجیا داگیر كردووه؟
هیچ زه‌وییه‌ك له‌لایه‌ن به‌رپرسان له‌ناو بانه‌زێوك داگیر نه‌كراوه، ئه‌گه‌ر شتێكى له‌و جۆره هه‌بێت، له دادگا په‌ڕاویان بۆ كراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونم له رواندز، به‌بێ جیاوازى رێگه له هه‌موو زێده‌ڕۆیییه‌ك بۆ سه‌ر موڵكى گشتى گیراوه.
شوقه‌كانی (بانه‌زێوك) بۆچی ڕاگیراون، ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه بدرێته كرێچییه‌كان؟
له پێش ده‌ستبه‌كاربوونى من ده‌ست به دروستكردنیان كراوه، تا ئێسته‌ش ته‌واو نه‌كراون، به‌دواداچوونى رژدیش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه، له ئێسته‌شدا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه دروست ده‌كرێن، ئه‌و كاته‌ى ته‌واو كران، به پێى رێنوێنییه‌كان ته‌نیا بۆ خه‌ڵك دابه‌ش ده‌كرێن.
له هه‌ندێ شوێن موڵكی شاره‌وانی كراوه به دووكان، بۆ نموونه دووكانه‌كانی ژێر باره‌گای (یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان) ئایا ئه‌وانه مۆڵه‌تیان هه‌یه، داهاته‌كه‌ى بۆ كوێ ده‌چێت؟
له هیچ شوێنێك موڵكى شاره‌وانى نه‌كراوه‌ته دووكان، هه‌مووى مۆڵه‌تى شاره‌وانى وه‌رگرتووه، ئه‌و شوێنه‌ى باسى ده‌كه‌ن له‌ژێر باره‌گاى یه‌كێتى لاوان، موڵكى شاره‌وانین و له‌لایه‌ن شاره‌وانى به‌كرێ دراون و داهاته‌كه‌ى بۆ شاره‌وانى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سنووری رواندز سه‌رمایه‌كی گرنگی گه‌شتوگوزاری هه‌یه، بۆچی سوود له‌و داهاته وه‌رناگرن بۆ پڕۆژه ته‌واو نه‌كراوه‌كان؟
له یاساى دارایى و ئابووریدا، هه‌موو ئه‌و رسوومات و باج و داهاتانه‌ى كه وه‌رده‌گیرێت، ده‌بێت بگه‌ڕێندرێته‌وه گه‌نجینه‌ى گشتیى حكوومه‌ت و جارێكى تر به یه‌كسانى دابه‌ش بكرێت، ئه‌گه‌ر به ویستى ئێمه بێت، پێمان باشه داهاتى شاره‌كه له پڕۆژه‌كانى خۆى خه‌رج بكرێته‌وه.
ماسته‌ر پلانی بیخاڵ كه‌ی ته‌واو ده‌بێت؟
ماسته‌رپلانى بێخاڵ كه‌وتووه‌ته وارى جێبه‌جێكردن، به‌پێى ئه‌و دیزاینه‌ى له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى لبنانى دانراوه كه ده‌بێ بگونجێت له‌گه‌ڵ پێوه‌ره گه‌شتیارییه‌كان، له رووى دیزاین و پڕۆژه شتێكى سه‌رده‌مى بێت و سه‌رنجى گه‌شتیار رابكێشێت و رووى تێبكه‌ن، ده‌بێت له ماوه‌ى یه‌ك ساڵ ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌واو بێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته وه‌رچه‌رخانى بووژانه‌وه‌ى ئابوورى له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر له سێكته‌رى ئابووریدا.
رواندز - دڵشاد باڵه‌كی