یه‌كێك له‌و ژنانه‌ى له مێژووى ئه‌ده‌بى دنیا وه‌ك ناوێكى دیار ده‌مێنێته‌وه، نووسه‌رى به‌ریتانى ئاگاسا كریستییه، ئه‌و ژنه كه هه‌رگیز له ژیانیدا تاوانى نه‌كردووه و له هیچ باندێكى تاوان نزیك نه‌بووه و ته‌نانه‌ت هیچ شاره‌زاییه‌كیشى له بوارى لێكۆڵینه‌وه‌ى تاوان و تاوانناسى نه‌بووه و پارێزه‌ر و دادوه‌ر نه‌بووه، كه‌چى بێ هیچ شتێك له‌مانه وه‌ك شاژنى رۆمانى پۆلیسى ده‌ناسرێ.
ئاگاسا كریستى له ساڵى 1890 له شارى توركواى له رۆژئاواى به‌ریتانیا له دایك بووه، له‌ڕووى ئابوورییه‌وه خێزانه‌كه مامناوه‌ند بوون، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكى زوو ده‌مرێ، رۆژگارێكى زۆر ئه‌و خێزانه به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنن. ئاگاسا سێ خوشكى تر‌ى له‌خۆى گه‌وره‌ترى هه‌بووه.
خاڵێكى دیار له ژیاننامه‌ى ئه‌و ژنه نووسه‌ره ئه‌وه‌یه، ئه‌و هیچ شتێكى نه‌خوێندووه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ له ماڵه‌وه خۆى فێرى خوێنده‌وارى كردووه، ماوه‌یه‌كیش دواى مردنى باوكى له‌گه‌ڵ دایكى گه‌شتێك بۆ پاریس ده‌كه‌ن ئه‌وكات ته‌مه‌نى 16 ساڵ بووه، له‌وێ بابه‌تى ژه‌نینى پیانۆ ده‌خوێنێ. دواتر هه‌ر له‌گه‌ڵ دایكى روو له میسر ده‌كه‌ن، ئه‌و گه‌شته‌ى كاریگه‌رییه‌كى زۆرى بۆ سه‌ر گیان و ده‌روونى ئاگاسا ده‌بێ كه دواتریش له نووسینه‌كانى به‌ڕوونى ده‌رده‌كه‌ون.
له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ به‌ریتانیا، ئاگاسا ده‌ست به نووسین ده‌كات، به‌ڵام زۆربه‌ى نووسینه‌كانى له‌به‌ر خراپى ره‌ت ده‌كرێنه‌وه، ئه‌م بارودۆخه تا ساڵى 1920 به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئه‌و كاته یه‌كه‌م رۆمانى بڵاو ده‌كاته‌وه و ناوبانگێكى گه‌وره په‌یدا ده‌كات.
له ساڵى 1920 ئاگاسا رۆمانى " The Mysterious Affair at Styles" "پرسێكى ناڕۆشن له سایتلز" بڵاو ده‌كاته‌وه و بۆ یه‌كه‌مجار كه‌سایه‌تییه‌ك به‌ناوى لیكۆڵه‌ر "هیركۆڵ پوارۆ" داده‌هێنێ كه له زۆربه‌ى رۆمانه‌كانى دووباره ده‌بێته‌وه و ئه‌و كه‌سایه‌تییه خه‌یاڵییه دواتریش بۆ سینه‌ما ده‌په‌ڕێته‌وه.
ئه‌م رۆمانه وا له ئاگاسا ده‌كات ناوبانگێكى په‌یدا بكات و ئیتر ده‌ست به نووسینى رۆمانه‌كانى تر ده‌كات و تا دواجار 66 رۆمان و 14 كۆمه‌ڵه چیرۆك و چه‌ندان شانۆنامه ده‌نووسێ. هه‌موو نووسینه‌كانیشى باس له تاوان ده‌كات، بۆیه به "ئه‌ده‌بى پۆلیسى" ناو ده‌برێت.
له ساڵی 1926 رۆمانێكى تر بڵاو ده‌كاته‌وه، له‌م رۆمانه‌یش سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره به‌ده‌ست ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌ڕووى ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بارودۆخى خراپ ده‌بێت، چونكه به‌وه ده‌زانێ هاوسه‌ره‌كه‌ى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ژنێكى تر هه‌یه و لێى جیا ده‌بێته‌وه، هۆكارێكى تریش ئه‌وه‌یه دایكى كۆچى دوایى ده‌كات.
دواى تێپه‌ڕاندنى ئه‌م بارودۆخه شوو به پیاوێكى تر ده‌كات، كه شوێنه‌وارناس بووه به ناوى ماكس مالوان، له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوسه‌ره‌ى سه‌ردانى چه‌ندان شوێنى رۆژهه‌ڵات ده‌كات بۆ گه‌ڕان به‌دواى شوێنه‌وار، ئه‌مه‌یش ئه‌زموونێكى تر‌ى پێ ده‌دات و جگه له‌مه‌یش له هه‌ردوو جه‌نگى یه‌كه‌م و دووه‌مى جیهان ئاگاسا كریستى له‌بوارى نوژدارى كارى كردووه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌لایه‌ن یۆنسكۆ بڵاو كراوه‌ته‌وه، كتێبه‌كانى ئاگاسا كریستى بۆ 103 زمان وه‌رگێڕدراون، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له رۆمانه‌كانى به‌ناوى "دواتر كه‌سێك نامێنێته‌وه" "And Then There Were None" تا ساڵى 2018 زیاتر له 100 ملیۆن دانه‌ى لێ فرۆشراوه و یه‌كێك له پڕ فرۆشترین كتێب له مێژوودا. به هه‌مانشێوه شانۆنامه‌كانیشى جه‌ماوه‌رى خۆیان هه‌بووه، باس له‌وه ده‌كرێت یه‌كێك له شانۆنامه‌كانى به‌ناوى "ته‌ڵه‌مشك" " The Mousetrap ". ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ى كریستى بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵى 1952 نمایش كرا و تا ساڵ 2018 25 هه‌زار جار نمایش كراوه‌ته‌وه.
كریستى له ساڵى 1971 خه‌ڵاتى شاهانه‌ى به‌ریتانیا وه‌رده‌گرێ و له 12 كانوونى دووه‌مى ساڵى 1976 له ته‌مه‌نى 85 ساڵى كۆچى دوایى ده‌كات.
هه‌رچه‌نده به‌رهه‌مه‌كانى زیاتر له 80 كتیبه و زۆرى نووسیوه، كه‌چى ئه‌و نه‌ریتى سه‌یرى له نووسین هه‌بووه، له‌وانه ده‌گوترێ هیچ كاتێك له‌ناو ماڵه‌كه‌ى شوێنێكى دیاركراوى نه‌بووه، وه‌ك كتێبخانه‌یه‌ك به‌كارى بهێنێ و لێى دانیشى كتێبه‌كانى بنووسێ، به‌ڵكو هه‌ر جاره و له شوێنێك نووسیویه‌تى، له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ر له هوتێل له چێشتخانه‌ى ماڵه‌وه. زۆربه‌ى جاریش په‌ناى بۆ به‌كرێگرتنى نووسه‌ر بردووه، واته كه‌سێكى گرتووه به زاره‌كى قسه‌ى بۆ كردووه و ئه‌ویش بابه‌ته‌كه‌ى نووسیوه‌ته‌وه.
له دیمانه‌یه‌كیدا كه له ساڵى 1955 له‌گه‌ڵ BBC كردوویه‌تى، ئاگاسا كریستى به‌مشێوه‌یه باسى سه‌ره‌تاكانى خۆى ده‌كات، "هه‌رگێز خوێندنم نه‌بووه، ته‌نیا هه‌ندێك بیركارى نه‌بێت له قوتابخانه‌یه‌كى پاریس خوێندوومه كه ئه‌وكات ته‌مه‌نم 16 ساڵ بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌یش بێكار بووم، منداڵانى ئه‌و كات ده‌بوو زۆر شتى باش دروست بكه‌ن وه‌ك دیارییه‌كانى جه‌ژن و بووكه‌شووشه، كه‌چى من ئه‌و كاره‌شم نه‌بووه، بۆیه بینیم بۆ خۆم چیرۆك هه‌ڵده‌به‌ستم و به‌شه‌كانى لێك ده‌ده‌م، هیچ شتێك وه‌ك جارسبوون و بێزارى به‌ره‌و نووسینت نابات".