بە بەكارهێنانی شۆفان چارەسەری نەخۆشی بیرۆ بكە

:: PM:03:42:07/08/2019 ‌
شۆفان وەك ژەمێكی بەیانیان دادەنرێت. وزەی پێویست بۆ لەش دابین دەكات بە درێژایی رۆژ هەستی برسیەتی كەم دەكاتەوە. هەروەها خۆراكێكی نایابە بۆ پێست. شۆفان كاتێك گەرم دەكرێت پێكهاتەیەكی لیج بەرهەم دەهێنێت كە باشە بۆ پێست و پڕە لە ڤیتامین و كانزا كە پێست بە شێداری دەهێڵێتەوە وادەكات پێست نەرم دەربكەوێت، بۆیە چارەسەری وشكی و خوران دەكات بەتایبەتی چارەسەری بیرۆ دەكات.

شۆفان چۆن چارەسەری نەخۆشیی بیرۆ دەكات؟
بیرۆ یەكێكە لە نەخۆشییەكانی پێست شۆفان وەك چارەسەرێكی سروشتی بۆ ئەم نەخۆشییە بەكار دەهێنرێت كە بەشێوەیەكی ئاسایی ئازاری پێست كەم دەكاتەوە و حەسانەوە بە پێست دەدات و وادەكات پێست نەرم و شێدار دەربكەوێت تەریەكی سروشتی بە پێست دەدات. ئەمانەش چەند بەكارهێنانێكی شۆفانن بۆ بیرۆ.

یەكەم: كرێمی شۆفان، ئەم كرێمە پێویستە بەشێوەیەكی سروشتی ئامادە بكرێت تەنیا پێویستمان بەچەند پارچە لۆكەیەك دەبێت كە لە هەشت پارچە كەمتر نەبێت، پاشان چارەكی كووپێك شۆفان بكە ناو ئەو پارچە لۆكەیەی كە ئامادەت كردووە و لایەكانی بگەیەنە بەیەكتر بۆ ئەوەی بڵاو نەبێتەوە. دواتر دەفرێك پڕ بكە لە ئاوی كوڵاو ئەو پارچە لۆكەی كە شۆفانەكەی تێدایە نوقمی بكە لە ئاوەكەدا هەتا شۆفانەكە ئاوەكە دەمژێت، دواتر پارچە لۆكەكە بگوشە دەفرێكی پاكەوە و ئەو ئاوەی كە دەست كەوتووە وەك كرێمێك بۆ ئەو شوێنەی بەكار بهێنە كە بیرۆیی هەیە بەجێی بهێََڵە تا وشك دەبێتەوە، دواتر چەند جارێك دووبارەی بكەرەوە، بەم شێوەیە ئەو ئەنجامە بەدەست دەهێنیت كە دەتەوێت.

دووەم: گەرماوكردن بە شۆفان، ئەم رێیە زۆر ئاسان و خێراترە بەخەڵاتەیەكی كارەبایی سێ‌ كووپ شۆفان بهاڕە. پاشان گەرماوەكەت پڕ بكە لە ئاوی شیلەتێن و هێواش هێواش شۆفانەكەی بۆ زیاد بكە هەتا بەتەواوی شۆفانەكە لە ئاوەكەدا بڵاو دەبێتەوە. بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەك لە گەرماوەكەدا بمێنەرەوە، بەم شێوەیە هەست بە نەرمبوون و كەمبوونەوەی ئەو خوران و وشكییە دەكەیت كە بەهۆی نەخۆشیی بیرۆوە دروست بووە.



وشە - ئاوات ئازاد