دنیا بەرەو قۆناغێكی نوێی جەنگی سارد هەنگاو دەنێت

:: PM:04:58:08/08/2019 ‌

پێ دەچێت ئەو پەرەسەندن و نوێكاریانەی هەموو بوارەكانی ژیانی گرتووەتەوە كاری كردبێتە سەر ناوەڕۆكی دەستەواژەی جەنگی ساردەوە، بەشێوەیەك لەو كاتەی وریایی و پێشبینی دەكرێت بۆ گەڕی نوێی جەنگی سادر لە دنیا لە نێوان زلهێز و جەمسەرەكانی كاریگەر لە دنیا، جەنگی ئەوان بە شێوەیەكی تر دەستی پێ كردووتەوە و ئاڵۆزی لە پێوەندییەكان هاوكاتە لەگەڵ بوونی پێوەندی و گفتوگۆ و دانوستان بە تامی جەنگەوە.

بۆیە لە سایەی ئەوەی لە دنیا لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا و چین گەورە زلهێزانی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە بینە و بەردەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە رێگەی لایەنگرانیان لە ناوچە جیاوازەكانی دنیا، هەموو بە ئاراستەی زیندووبوونەوەی ترسی دنیایە لە گەوتنەوە ناو جەنگێكی ساردی بە هاوشێوەی پێشوو كە زۆرێك لە پرسەكانی دنیای بە بنبەست گەیاند و وڵاتان دەبوایە پاڵ بە یەكێك لە دوو بلۆكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بدەن و ئەوەش بناغەی بۆ دەركەوتنی زۆرێك لە رژێمە دیكتاتۆرییەكان دانا.

لە ماوەی رابردوودا دوو رووداو كە تەنیا چەند رۆژێكیان لە نێوان بوو، ئەوان نیگەرانی زۆریان دروست كرد لەبارەی سیناریۆكانی دنیا بەرەو جەنگێكی نوێی سارد پاڵ دەدەن كە ئەوجارەیان تەنیا واشنتن و مۆسكۆ نابنە جەمسەرەكانی، بەڵكو رەنگە ببێتە سێقۆڵی و پەكینیش ببێتە جەمسەرێكی جیاواز و هاوتا و نەیار بۆ دوو جەمسەرەكەی تر.

یەكەم رووداو بریتی بوو لە پاشەكشەكردنی ئەمەریكا لە پەیماننامەی قەدەغەكردنی مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی مەودا ناوەند لە هەفتەی رابردوودا، كە بەر لە 30 ساڵ لەگەڵ رووسیای واژوو كرد و بەپێی پەیماننامەكە هەردوولا خۆیان لە سێ هەزار مووشەك رزگار كرد و بەڵێنیان دا چیتر بەرهەم نەهێنن.

دووەم رووداو بریتی بوو لە لێدوانەكانی مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا لەبارەی پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ بڵاوكردنەوەی مووشەكی مەودا ناوەند كە لە زەوینەوە دێتە هاوێشتن لە باشووری ئاسیا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا. لەوكاتەی ستراتیجیەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەو كردووە كە هەریەك لە چین و رووسیا هەوڵی رووبەڕووبوونی هێز و دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەدەن ئەوەش بەمەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و خۆشگوزەرانی گەلی ئەمەریكا.

ستراتیجیەتی بەرگری نیشتیمانی كە لە پنتاگۆن لە ناوەڕاستی 2018 دەرچووە، بە روونی ئاماژە بۆ چین دەكات بەوەی ركابەرێكی ستراتیجییە و دەیەوێت هێزە چەكدارەكانی پەرە پێ بدات و نوێی بكاتەوە بۆ مسۆگەری كۆنترۆڵكردنی زەریای هێمن و باشووری ئاسیا و بەرەبەرەكانی دەسەڵاتەكانی ئەمەریكا لە جیهان، بۆیە وەك ترەمپ وەسفی دەكات پێوەندییەكانی ئەمەریكا و چین دەتوانرێت بەوە وەسف بكرێت وەك ركابەری نێوان زلهێزەكانە و دوای 40 ساڵ لە پێوەندی نوێی هەردوو وڵات، ئاماژەكان بەو ئاراستەن كە پێوەندییەكانی واشنتن و پەكین لە داهاتوودا پەرەسەندن و ئاڵۆزی بەخۆیانەوە دەبینن.

پاشەكشەكردنی واشتن لە پەیماننامەی مووشەكی لەگەڵ رووسیا وا دەكات بە ئاسانی رووبەڕووی خواستە سەربازییەكانی چین ببێتەوە كە بەشی زۆری جبەخانەی چەكی چین بریتییە لەو چەكانەی پەیماننامەكە لە ئەمەریكای قەدەغە كردووە، بۆیە ستیڤن سیستانۆڤیچ شارەزای كاروباری چەكداریكردنی نێودەوڵەتی وای دەبینێت كە هەر هەوڵێك بۆ وەستاندنی كێبەركێی چەك لە دنیا پێویستە چینیش بگرێتەوە، بەڵام چین ئێستە ناچار نییە بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانیەتی قەدەغەكردن و بە هێواشی لە بەرهەمهێنانی مووشەكەكانی بەردەوام دەبێت و رەنگە هەر ئەویش بێت پاڵی بە رووسیا نابێت بۆ پێشێلكردنی كۆتەكانی سەر بەرهەمهێنانی چین بۆ مووشەكەكانی.

جیا لە بەربەرەكانی ئەمەریكا، چین و رووسیا لە كۆمارەكانی ئاسیانی ناوەند خەریكی كێبەركێن لەسەر دەسەڵات كە چین وەك دەروازەیەكی بۆ دەسەڵاتی جیهانی خۆی دەزانێت و مۆسكۆیش بە میراتێكی سۆڤیەتی دەزانێت پێویستە پارێزگاری لێ بكات، بۆیە لەگەڵ راگەیاندنی چین بۆ پلانی "پشتێنە و رێگە"، نیگەرانییەكانی رووسیا لە فرەوانخوازی چین دیاركەوت. 

لە واشنتن وا نابینرێت كە گەڕانەوە هەبێت بۆ كێبەركێی چەك لەگەڵ رووسیا، بەڵام چاودێران پێیان وایە كە مەترسی راستەقینە چینە كە لە بەرهەمهێنانی چەكی پێشكەوتوو ناوەستێت، لەوكاتەی بودجەی ساڵانەی سەربازی زۆر زیاد دەكات، كە بەپێی دامەزراوەی "ئەی ئێچ ئێس"ی راوێژكاری، بودجەی بەرگری واشنتن بۆ 2018 گەیشتووەتە 703 ملیار دۆلار، لەوكاتەی بودجەی سەربازی چین گەیشتە 207 ملیار دۆلار، هەرچی رووسیایە بودجەكەی تەنیا 53 ملیار دۆلارە.

زۆرێك لە شارەزایان وای دەبینن هێشتە دۆخەكە نەگەیشتووەتە جەنگی سارد، بەڵام پێیان وایە مەترسی گەورە لە نزیكبوونەوەی كۆتاهاتنی پەیماننامەی ستارتە لە 2021 تایبەت بە قەدەغەی بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی مووشەكی دوور مەودای هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی كە رووسیا و ئەمەریكا دەگرێتەوە، بۆیە پرسیارەكە ئەوەی ئاخۆ چین دەچێتە پاڵ ئەو دوو وڵاتە و رێككەوتننەكە فرەوان دەكرێت؟، یان چین رەتی دەكاتەوە پەیماننامەكە كۆتایی دێت و قۆناغێكی نوێی كێبەركێی چەك لە نێوان پەكین و مۆسكۆ و واشنتن دەست پێ دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل