لە دووتوێی هەواڵێكدا كە لە سایتی فەڕمیی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی پارێزگای سلێمانی، ئاگەداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی سنووری پارێزگاكە دەكاتەوە كە ماوەی پاسپۆڕتەكەیان كەمتر لە شەش مانگی ماوە بەسەر بچێت.
لە هەواڵەكەدا داوا لە هاووڵاتییان كراوە: "پێش بلیت بڕین و گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، ئەگەر ماوەی كارپێكردنی پاسپۆرتەكانیان كەمتر لە شەش مانگی تیادا بێت، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی و نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی/٢ لە كەلار بكەن، بەمەبەستی گۆڕین و نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكانیان و پێدانی پاسپۆرتێكی نوێ".
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی پارێزگای سلێمانی هۆكاری ئەو داوایەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو كەسەی ماوەی پاسپۆرتەكەی لە شەش مانگ كەمتر بێت، ڤیزای هیچ وڵاتێكی پێ نادرێت و ناتوانێت گەشت بكات.
هاوكات ئەو كەسانەشی ماوەی پاسپۆڕتەكەیان كەمتر لە ساڵێكی تێدا ماوە، هەر دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بكەن، بە مەبەستی نوێكردنەوەی پاسپۆڕتەكانیان.