كۆتا وادەی وەرگرتنی لیستی قەوارە سیاسیەكان ڕاگەیاندرا

:: PM:06:31:09/08/2019 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینى نۆى ئاب، گوتەبێژی لیژنەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕای گەیاند، وادەی كۆتایی بۆ ڕادەستكردنی لیستی ئەو قەوارە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەشداردەبن دیاریكراوە.

ڕیاز بەدران، گوتەبێژی لیژنەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست"وشه‌" كه‌وتووه‌ تێدا هاتووه‌، "مێژووى یه‌كی تشرینی یەكەم دوا وادە دەبێت بۆ ڕادەستكردنی ناو و لیستی ئەو قەوارە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەشداریدەكەن".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وادەی كۆتایی تۆماركردنی هاوپەیمانی قەوارە سیاسیەكانیشى لە هەڵبژاردنەكەدا دیاریكردووە، كە دەكەوێتە مێژووى 10ی تشرینی یەكەم.

گوتەبێژەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوای لە سەرجەم قەوارە سیاسیەكان كردووه‌، بە مەبەستی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی لیستی قەوارەكانیان بە كۆمسیۆن، دەستوبرد بكەن و لە وادەی دیاریكراو دوانەكەون.

بڕیارە لە یه‌كی نیسانی ساڵی داهاتوودا هەلبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە پارێزگای كەركووكیشەوە ئەنجامبدرێت.


وشە - محەمەد میران