بۆ جەژن ئەركی نەخۆشخانەكانی هەولێر دابەش كران

:: PM:02:17:10/08/2019 ‌
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات بۆ ڕۆژانی جەژن نەخۆشخانەكان لە ئامادەباشیدان و بەپێی پسپۆڕی نەخۆشخانەكان دابەش كراون.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، چەتۆ محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئامادەكارییەكی كراوە بۆ ڕۆژانی جەژن لەڕووی پێداویستییە پزیشكییەكان و دەرمان و خوێنی پێویست لە نەخۆشخانەكان.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی، هەرسێ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر بەپێی جۆری نەخۆشی پێشوازی لە هاووڵاتییانی نەخۆش دەكەن و نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشییەكانی هەناو و شكان دەبنەوە دەتوانن سەردانی بكەن، بۆ شكان و بەربوونەوە لە شوێنی بەرز و سوتان هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا بكەن بۆ ژەهراوی بوو دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەند بكەن.

باسی لەوەش كرد، لە ڕۆژانی جەژن 12 نەخۆشخانە كراوە دەبن، هەروەها تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە سەردانیكردنی شوێنە گشتییەكان، تیمی ۱۲۲ هەمیشە لەئامادەباشیدا دەبێت.

دیاری كردنی ئەو نەخۆشخانانە لە كاتێكە بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژن سەردانی زۆر دەبێت.



وشە - رامیار جەواد